هەدیە سمکۆ شکاک لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد


رووداو دیجیتاڵ 

هەدیە سمکۆ، کچی سمکۆی شکاک لە تەمەنی 100 ساڵیدا لە شاری وانی باکووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.
 
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی رووداو کەوتوون، هەدیە سمکۆ، کچی سمکۆی شکاک و دوا منداڵی ئەو سەرکردە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ژیاندا مابوو، رۆژی یەکشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2024، بەهۆی نەخۆشیی گورچیلە لە نەخۆشخانەی شاری وان کۆچی دواییی کرد.
 
هەدیە سمکۆ ماوەیەک بوو، گورچیلەکانی لەکارکەوتبوون و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەیەکی وان چارەسەر دەکرا.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2024، تەرمی هەدیە سمکۆ ببرێتەوە گوندی نۆشاری سەر بە قەزای قەلقەلیی پارێزگای وان کە شوێنی نیشتەجێبوونی بوو و لەوێ بەخاک بسپێردرێت.
 
هەدیە سمکۆ، خۆشکی تاهیرخان، باباخان، خوسرۆخان و قوبادخان، چوار کوڕی ئیسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک بوو و دوا منداڵی بوو کە لە ژیاندا مابوو.