لەگەڵ رەنج؛ چارەنووسی خوێندن لە سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەكانی ‏گەرمیان ‌و ‏راپەڕین چی لێدێت؟

07-01-2024
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەرزی یەکەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان تەواوبوو، بەڵام لە هەردوو پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەهۆی بایکۆتی دەوامەوە دەرگای قوتابخانەکان نەکراونەتەوە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پەروەردەی ‏‏‏سلێمانی دەڵێت، مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەستپێکردنی دەوام پێنج مەرجیان داوەتە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەت دوو لە مەرجە سەرەکییەکانیان جێبەجێ دەکات. هاوکات، نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت، ئەگەر حکومەت داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکات، "نەک بایکۆت ناشکێنین، بگرە پۆلی 12کانیش لە وەرزی دووەمدا دادەخرێن".
 
رۆژی یەکشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2023، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پەروەردەی ‏‏‏سلێمانی؛ عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی ‏مامۆستایان؛ ئومێد عەلی، سەرپەرشتیاری پسپۆڕی پەروەردەیی ‏لە ‏‏‏بەڕێوەبەرێتی ‏سەرپەرشتیكردنی ‏پەروەردەیی؛ نەوشیروان حەمەغەریب، یەكێك لە ‏مامۆستایانی ‏ناڕازی ‌و ‏‏‏‏سەرپەرشتیارانی ‏خۆپیشاندانەكان و د. ئەرسەلان سەیدزادە، راوێژكاری پەروەردەیی ‌و ‏پسپۆڕی ‏گەشەپێدانی مرۆیی چارەنووسی خوێندن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین تاوتوێ کرا.
 
 
سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان "کارەساتە"
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پەروەردەی ‏‏‏سلێمانی دەڵێت، "سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و عێراق 100 ساڵە نەگۆڕاوە و چارەنووسی هەموو ساڵەکانی خوێندنی قوتابی بەستراوەتەوە بە پۆلی 12ـی ئامادەیی."
 
عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پەروەردەی ‏‏‏سلێمانی رایگەیاند؛ "ئەگەر بایکۆتی مامۆستایان و راوەستانی پرۆسەی خوێندن چارەسەر نەکرێت، زیاتر لە 700 هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەش دەبن و 52 هەزار خوێندکاری پۆلی یەکەمی بنەڕەتی هیچ وشەیەک فێرنابن، لەگەڵ ئەوەش بۆ ساڵی داهاتوو، پێشبینی دەکەین 53 هەزار قوتابی پۆلی یەکمان هەبێت کە بەسەریەکەوە دەکاتە 105 هەزار ق
وتابی".
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پەروەردەی ‏‏‏سلێمانی باس لەوە دەکات کە لە ساڵی 2014ـەوە کێشە لە کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەیە و دشڵێت؛ "جار هەبووە 100 رۆژ لە قوتابخانەکان دەوام نەکراوە، ئەو قوتابییەی لە پۆلی یەکی بنەڕەتی وەرزێک یان 100 رۆژ لە خوێندن دابڕابێت، لەڕووی پەروەردە و فێربوونەوە تاوەکو پۆلی 12 کاریگەرییەکەی لەسەر دەمێنێتەوە".
 
بە گوتەی عومەر محەممەد؛ لە هەرێمی کوردستان چارەنووسی 12 ساڵ خوێندنی قوتابی بەستراوەتەوە بە پۆلی 12ـی ئامادەیی، "زیاتر لە 100 ساڵە عێراق بەم سیستمی قبووڵ مەرکەزییە کار دەکات، ئەوە کارەساتێکی گەورەیە کە لە سەتەیەکدا نەتوانی گۆڕانکاری لەو سیستمەدا بکەیت".
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پەروەردەی ‏‏‏سلێمانی پێیوایە؛ "لە کابینەی پێنجی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵشاد عەبدولڕەحمان، وەزیری پەروەردەی ئەوکات ریفۆرمێکی لە سیستمی پەروەردەدا کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە کابینەی دواتر پۆستەکەی پێنەدرایەوە، نەتوانرا پرۆسەی ریفۆرمەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت و تەنانەت پەروەردە گەڕایەوە قۆناخی پێش ریفۆرم".
 

 

 
"حکومەت دوو داواکاریی مامۆستایانی ناڕازی جێبەجێ دەکات"
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پەروەردەی ‏‏‏سلێمانی دەڵێت، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی یاداشتێکی پێنج خاڵییان دایە وەزارەتی پەروەردە و تێیدا مەرجەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام خستە روو، ئێستا حکومەت دوو مەرجی سەرەکی قبووڵکردووە کە بریتین لە بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستایان و دامەزراندن یان بەگرێبەستکردنی وانەبێژان.
 
عومەر محەممەد گوتی؛ "لە رۆژی 25ـی کانوونی یەکەمی 2023 ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی یاداشتێکیان دایە وەزارەتی پەروەردە. لە ماوەی ئەو 13 رۆژەدا سەرباری ئەوەی وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیران لە پشوودابوون، بەڵام لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی چڕیان کردووە".
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پەروەردەی ‏‏‏سلێمانی دەڵێت؛ لە یاداشتەکەدا پێنج خاڵی جەوهەری هەن کە یەکەمیان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانە، دووەمیان دامەزراندن یان بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژە، سێیەمیان پێدانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی مامۆستایانە، چوارەم 30 رۆژ جارێک مووچە بدرێت و پێنجەمیشیان رێگری لە عێراق نەکرێ ئەگەر بیەوێت راستەوخۆ مووچەی مامۆستایان بنێرێت".
 
وەکو عومەر محەممەد ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردە رێککەوتوون کار لەسەر خاڵی یەکەم و دووەمی یاداشتەکە بکەن کە لە هەمووان گەوهەریترن و بەیانی نووسراوەکە دەگاتە پەروەردەکان و لەوێ دەگشتێنرێت".
 
عومەر محەممەد لەبارەی هەوڵی مامۆستایانی ناڕازی بۆ چارەسەری گرفتەکانیان لە رێگەی بەغداوە گوتی؛ "نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و ئەویش هەمان ئەو قسانەی کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی گوتبوون، هیچ بەڵێنێکی جیاوازی پێنەدان و تەنیا گوتی، دەبێت بودجەی گشتی هەموار بکرێتەوە و لەوێدا بە میکانیزمێکی جیاواز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت".
 
 
"نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بایکۆتی مامۆستایان کرا"
 
جێگری سەرۆكی یەكێتیی ‏مامۆستایان‎‏ بەباشی دەزانێت ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی مامۆستایانی ناڕازی ناویەتی، بە فەرمی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە رابگەیێندرێت و پێیوایە "بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی بایکۆتی مامۆستایان کردووە".
 
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی ‏مامۆستایان‎‏ دەڵیت؛ "بەرپرسانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی نابەرپرسانە لەگەڵ کەیسی بایکۆتکردنی مامۆستایان مامەڵەیان کرد، لەبەر ئەوەی دوای تەواوبوونی وەرزێکی خوێندن ئەنجوومەنی وەزارەت دێت و یاداشت لە مامۆستایانی ناڕازی وەردەگرێت، ئەگەر لە مانگی ئەیلوولەوە ئەو دانوستاندنە دەستیپێکردبا، دڵنیام زووتر دەگەیشتنە چارەسەر".
 
بە گوتەی عەتا ئەحمەد، هەر ئەو خاڵانەی لە یاداشتی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەی پێدراوە، "دوو مانگ لەمەوبەر ئێمە هەمان ئەو خاڵانەمان لە یاداشتێکدا دایە ئەنجوومەنی وەزیران. ئێستاش زۆربەی مامۆستایان لەوە دوودڵن کە حکومەت ئەو بڕیارەی داویەتی جێبەجێی نەکات".
 
جێگری سەرۆكی یەكێتیی ‏مامۆستایان پێیوایە، دامەزراندن و بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردە نییە و دەشڵێت؛ "ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە، گرنگە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم دوو خاڵە بە فەرمی رابگەیێنێت، هەرچەند سێ خاڵەکەی دیکەش گرنگن و شیاوی ئەوەن هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت".
 

 

 
پێویستە مامۆستایانی ناڕازی "پێشوازی لە هەنگاوەکەی حکومەت بکەن"
 
سەرپەرشتیاری پسپۆڕی پەروەردەیی داوا دەکات مامۆستایانی ناڕازی بۆ دروستبوونی نیازپاکی پێشوازی لە هەنگاوەکەی حکومەت بکەن و دەڵێت، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری مەرجەکانی دیکەیان بن، "بایکۆت بشکێنن و دەست بکەنەوە بە دەوامکردن".
 
ئومێد عەلی، سەرپەرشتیاری پسپۆڕی پەروەردەیی ‏لە ‏‏‏بەڕێوەبەرایەتیی ‏سەرپەرشتیكردنی ‏پەروەردەیی گوتی؛ "ئەو دۆخەی بەرۆکی پەروەردەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کارەساتێکە کە خۆمان دروستمان کردووە، ئەو پێشوازییەی ئێستا حکومەت لە داواکاری مامۆستایانی کردووە کە هەنگاوێکی ئەرێنییە، خۆزگەم دەخواست لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی خوێندن هەنگاوی بۆ نرابا، بۆ ئەوەی ئەم وەرزی خوێندنە لەدەست خوێندکاران نەچووبا".
 
ئومێد عەلی بە پێویستی دەزانێت؛ "مامۆستایانی ناڕازی پێشوازی لەم هەنگاوەی حکومەت بکەن و لەپێناو دروستبوونی متمانە، بەبێ ئەوەی واز لە داخوازییەکانی دیکەیان بهێنن، بایکۆتەکە رابگرن و دەست بکەنەوە بە دەوامکردن".
 

 

 
ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێنەکرێن "پۆلی 12ـکانیش دادەخرێن"
 
یەک لە مامۆستایانی ناڕازی رژدە لەسەر ئەوەی حکومەت سەرجەم مەرجەکانیان جێبەجێ بکات و دەڵێت؛ "ئەگەر داواکاریی مامۆستایان جێبەجێ نەکرێن، "نەک بایکۆت ناشکێنین، بەڵکو پۆلی 12ـکانیش دادەخرێن".
 
نەوشیروان حەمەغەریب، یەكێك لە ‏مامۆستایانی ‏ناڕازی ‌و ‏‏‏‏سەرپەرشتیارانی ‏خۆپیشاندانەكان دەڵێت؛ "ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ جیاوازە لەچاو ساڵانی رابردوو، حکومەت ئەمساڵ پێیوابوو هەر وەک ساڵانی رابردوو مامۆستا چەند رۆژێک ماندەگرن و دواتر بەهۆی بەرپرسیاریەتییە ئەخلاقییەکەیان لە پێناو خوێندکاران، دەچنەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن، هەر بۆیەش تاوەکو مانگی دوازدە گوێی بە هیچ داواکارییەکی ئێمە نەدا".
 
ئەو مامۆستایە پێیوایە؛ "ناکرێ حکومەت وانەبێژان دابمەزرێنێت و پلەی مامۆستایان بەرز بکاتەوە، بەڵام بە دوو مانگ مووچەیەک بدات، کێشەی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە لە کاتی خۆیدا مووچە نادرێت" و هۆشداری ئەوەش دەدات؛ "ئەگەر داواکاری مامۆستایان جێبەجێ نەکرێت، دڵنیاتان دەکەمەوە، نەک دەوام دەستپێناکاتەوە، بگرە پۆلی 12کانیش لە وەرزی دووەمدا دادەخرێن".
 

 

"دەبێ حکومەت گەرەنتی بداتە مامۆستایان"
 
نەوشیروان حەمەغەریب جێبەجێکردنی دوو لە داواکارییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە بە باش وەسف دەکات و دەڵێت؛ "دەبێ حکومەت گەرەنتی جێبەجێکردنی سێ خاڵەکەی دیکەشمان بکات، بۆ ئەمەش دەبێ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار بدات کە پلە بەرزکردنەوە دەست پێ بکاتەوە و وانەبێژان دادەمەزرێن و 30 رۆژ جارێک مووچەی مامۆستایان بدرێت تەنانەت ئەگەر لە داهاتی نێوخۆش ئەو مووجەیە بدات".
 

 

 
لە وەڵامی ئەو داواکارییەدا جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏پەروەردەی ‏‏‏سلێمانی دەڵێت؛ "پرسیارم لە مامۆستایان ئەوەیە، دەکرێت لە وڵاتێکدا مامۆستایان 30 رۆژ جارێک مووچە وەربگرن، بەڵام سەرجەم فەرمانبەرانی دیکە دوو مانگ جارێک مووچەکانیان پێ بدرێت؟ هەرچەند هەموو فەرمانبەران مافی خۆیانە 30 رۆژ جارێک مووچە وەربگرن، بەڵام دەبێت رەچاوی بارودۆخی داراییش بکرێت".
 
مامۆستایانی ناڕازی "لەپێناو قوتابیان پێشوازی لە هەنگاوەکەی حکومەت بکەن" 
 
راوێژكارێکی پەروەردەیی بە پێویستی دەزانێت، بۆ دروستبوونەوەی متمانە لەنێوان حکومەت و مامۆستایانی ناڕازی، پێشوازی لەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆ جێبەجێکردنی دوو لە مەرجەکانیان".
 
د. ئەرسەلان سەیدزادە، راوێژكاری پەروەردەیی ‌و ‏پسپۆڕی ‏گەشەپێدانی مرۆیی گوتی؛ "نابێ مامۆستایان بڵێن یان هەموو مەرجەکانم جێبەجێ بکرێت، یان بایکۆت ناشکێنین، دەبێت هەردوولا بگەنە چارەسەرێکی مامناوەند و لە پێناو دەروونی قوتابیان و کۆمەڵگەکەمان مامۆستایان هەنگاوێک بێنە پێشەوە و خەمێک لە دۆخەکە بخۆن".
 
د. ئەرسەلان سەیدزادە دەڵێت؛ "حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ مانگە هیچ هەنگاوێکی بەرامبەر بایکۆتی مامۆستایان نەناوە، ئێستا کە دوو هەنگاو هاتووەتە پێشەوە، با مامۆستایانیش پێشوازیی لێ بکەن و متمانەیەکیان لە نێواندا دروستبێت، ئەگەر زانرا ئەو بەڵێنانەی دراوە جێبەجێ ناکرێت، دواتر مامۆستایان دەتوانن هەڵوێستی دیکە بگرنەبەر".
 

 

 
13ـی ئەیلوولی 2023 پرۆسەی خوێندنی 2023 – 2024 لە هەرێمی کوردستا دەستی پێکرد، بەڵام لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بەهۆی دواکەوتنی مووچە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، بایکۆتی دەوام راگەیەنرا دەرگای قوتابخانەکان لە وەرزە یەکەمی خوێندن بە داخراوی مانەوە، تەنیا لە بەشێک لە قوتابخانەکان نەبێت کە دەوامی پۆلی 12ـی بنەڕەتی لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکرد.
 
 

 

 

 

.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."