لە ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی 'خواردنەوەی کحولی ساختەوە' 7 کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی ئەو کەسانەی لە شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی "خواردنەوەی کحولی ساختە"ـوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 7 کەس بەرزبووەتەوە.
 
سابر جەعفەری، داواکاری گشتیی شاری ماکۆ، رۆژی چوارشەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاندبوو، لەو شارە سێ کەس بەهۆی خواردنەوەی مادە کحولییەکان گیانیان لەدەستداوە و 20 کەسی دیکەش ژەهراوی بوون. 
 
سابر جەعفەری هەروەها گوتبووی، پەیوەست بەو رووداوە، چوار کەس دەستبەسەرکراون کە فرۆشیاری مادە کحولییەکانن.
 
بەپێی زانیارییە خۆجێییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە شاری ماکۆ لە باکووری پارێزگای ورمێ بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 7 کەس بەرزبووەتەوە.
 
میدیای ئێران رایگەیاندووە، یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە لە رووداوەکەدا ژەهراوی ببوو،  گیانی لەدەستداوە کە کوڕێکی تەمەن 23 ساڵانە و دوای ئەوەی باوکی لە مردنی کوڕەکەی ئاگادار کراوەتەوە، تووشی جەڵتە دەبێت و گیانی لەدەستدەدات.
 
بەپێی میدیای ئێران، ئەو حەوت کەسەی کە بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە لە شاری ماکۆ گیانیان لەدەستداوە، پیاون و بەشدارییان لە هیچ بۆنە و شاییەکدا نەکردووە.
 
رۆژنامەی ئیعتیمادی ئێرانی ئامارێکی لەبارەی ژمارەی قوربانییانی خواردنەوەی مادە کحولییە ساختەکان لەو وڵاتە بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، تەنیا لە مانگی تەمووزی 2023ـەوە تا ئێستا، 44 کەس لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە کە 14 کەسیان لە هەر دوو شاری سەردەشت و ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، 17 کەسیان لە شاری کەرەج، 6 کەس لە روبات کەریم، 3 کەس لە مازەندەران، 2 کەس لە قەزوین و 2 کەسی دیکەشیان لە شاری بەهارستان بوون.
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کڕین و فرۆشتنی مادە کحولییەکان قەدەخەیە و نرخیان گرانە، بۆیە زۆر جار کحولی خراپ، ناستاندارد و دەستکرد بە خەڵک دەفرۆشرێت، ئەمەش لێکەوتەی تەندروستیی خراپی هەیە. 
 
بەشێک لەوانەش بەناوی خواردنەوە کحولییە بیانییەکان دەفرۆشرێن، ساختەکارییان تێدا دەکرێت؛ یان کحولە دەستکردەکان ئێتانۆڵیان تێدەکرێت، بۆئەوەی گیرایی هەبێت و کەسێک مەست بکات، بەڵام ئەگەر زۆر بخورێتەوە، زۆر مەترسیدار دەبێت. ئەم بابەتانە زۆرجار دەبنە هۆی ژەهراویبوون، نابینایی، لەکارکەوتنی گورچیلە و دواجار مەرگ.
 
سەرەڕای قەدەخەبوونی کحول، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کحولی زۆریان تێدا دەخورێتەوە. بەپێی راپۆرتی ساڵی 2019ـی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەنێو 189 وڵاتی جیهاندا ئێران پلەی نۆیەمی بۆ خواردنەوەی کحول هەیە.
 
عەباس مەسجدی ئارانی، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی ئێران لە 20-05-2023 رایگەیاندبوو، لە ساڵی 2022دا 644 کەس لە ئێران بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 30٪ زیادیکردووە.