رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری قەدەخەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی(ڤەیپ) خاوەن دووکانەکانی نیگەران کردووە و هەندێکیان بە بڕێکی زۆر جگەرەی ئەلیکترۆنی لە دووکانەکانیاندا هەیە بەهایان لە 200 هەزار دۆلار نزیک دەبێتەوە.
دووکاندارێک دەڵێت، 10 رۆژ لەمەوبەر بە بەهای شەش هەزار و 500 جگەرەی ئەلیکترۆنی لە دەرەوە هێناوە، ئەگەر پێشووتر ئەوان ئاگاداربکرابانەوە ئەو زیانەیان نەدەکرد.
نیهاد محەممەد، خاوەنی دووکانێکی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤەیپ)ـە بە رووداوی گوت، ڤەیپەکان نزیکی 12 بۆ 13 جۆریان هەیە، بەهایان لە دووکانەکەیدا نزیکی 16 هەزار دۆلار دەبێت، هەرچی نێرگەلەشە لە دووکانەکەیدا بە بەهای نزیکی پێنج هەزار بۆ شەش هەزار دۆلار هەیە. هەروەها گوتیشی، "هەفتەیەک پێش سەری ساڵ [بڕێکی زۆر] جگەرەی ئەلیکترۆنی هێنا، ئەگەر ئاگادارکرابام من رێژە زۆرەم نەدەهێنا."
نۆ نوێنەری فرۆشیارانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە دهۆک لە شوێنێکی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی کۆبوونەوە و لەلایەن قایمقامی دهۆکەوە رێنمایی و بڕیارە نوێیەکان بۆ خاوەن دووکانەکان روونکرایەوە. تاوەکو لە بڕیاری قەدەخەکردنی سەرتاسەری فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی ئاگادارببن.
هەروەها ئەو فرۆشیارانە بەڵێننامەیەکیان پێ پڕکرایەوە و تاوەکو لە بەروارێکی دیاریکراودا ئەو جگەرە ئەلیکترۆنیانە لە دووکانەکانیان دووربخەنەوە.
ئیسماعیل محەممەد، قایقامی دهۆک لەبارەی بڕیاری قەدەخەکردنەکەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەوان بە نووسراو پێش دەرکردنی بڕیارەکە ماوەی مانگێک مۆڵەتیان پێدابوون، تاوەکو ئەو بابەتە چارەسەر بکەن، ئەو جگەرە ئەلیکترۆنییانە لە دەرەوە و نێو بازاڕدا بفرۆشرێن، ئەگەر نا شوێنەکانیان دادەخەن.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی پارێزگاکە ئەو دووکاندارانە ئاگادار دەکەنەوە کە تاوەکو 10 رۆژی دیکە ئەو بەرهەمانە نابێت لە بازاڕدا بمێنن.
شەریف فەتاح - بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی دهۆک رایگەیاند، "بێگومان ئەو بەڵێننامەیە بۆ ئەوەیە لەو ماوەیەی دەستنیشانکراوە رێگەیەک بدۆزنەوە، چونکە ئەوانە بە رێگەی نافەرمی هاتوون لەو شوێنەی کە لێیان هێناون، بە هەر جۆرێک بێت نابێت لەنێو بازاڕی دهۆکدا بفرۆشرێن، پاش بەڵێننامەکە رێکاری مەیدانی بەرانبەرییان دەگیرێتەبەر."
محەممەد دهۆکی بەکارهێنەرێکی جگەرەی ئەلیکترۆنییە و ناڕازییە لەو بڕیاری قەدەخەکردنە و دەڵێت، ئەگەر ئەوانە قەدەخە دەکرێن با جگەرەش قەدەخە بکرێت، "جگەرە خراپترە لە ڤەیپ، جگەرەی ئەلیکترۆنی شتێکی ئاساییە بە دڵی خۆت دەیکێشیت، ئەم دەقەیە بیکێشیت، رەنگە دوای سێ کاژێر بیکێشیت، راستە خراپە بەڵام با جگەرە و هەموو جۆرەکان قەدەخەبکەن، یان نێرگەلەی کافتریاکانیش قەدەخەبکەن."
38 شوێنی فرۆشتنی ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکتۆنی لەنێو بازاڕی دهۆکدا هەن، هەموویان ئاگادارکراونەتەوە تاوەکو کڕین و فرۆشتن ئەنجام نەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ