داگیرکردنی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز لەلایەن سوپای عێراقەوە بەردەوامە؛ 'چوار سەرباز لە ماڵەکەمدان'
رووداو دیجیتاڵ
گەرچی بڕیار بوو سوپای عێراق و هەموو ئەو هێزانەی لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک بوون بکشێنەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو تاوەکو ئێستا سوپا لەنێو ئەو گەڕەکە ماون، هەندێکیان بە جلوبەرگی مەدەنییەوە و بەشێکیشیان جلوبەرگی سەربازییان لەبەرە و لەنێو ماڵی هاونیشتمانییاندا دەمێننەوە.
دانا ئەحمەد، دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکەیە، خانووەکەی دەستی بەسەرداگیراوە و سوپا لە ژوورەوەن و ئۆتۆمبێلی پۆلیسیش لەبەردەم دەرگەکەی وەستاون. ئەو پێشووتر دەستگیرکرابوو، بەڵام دوای ئەوەی خێزانەکەی کرانە دەرەوە لە ماڵەکەیان، ئەویش بەو مەرجەی نەیەنەوە، ئازادکرا.
ئەو هاونیشتمانییە بۆ پشووی سەری ساڵ چووبووە سەردانی ماڵی باوکی، بەڵام دوای ئەوەی ماڵەکەیان جێهێشتبوو، ئێستا رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە و منداڵەکانی لە ماڵی باوکی داناوە.
دانا ئەحمەد باسی رووداوی داگیرکردنی خانووەکەی بۆ رووداو دەکات و دەڵێت، "ماڵ و منداڵەکەمیان بە هاوار و بە هەرا دەرکردە دەرەوە. دوو بۆ سێ جار چوومەتە لایان پێم دەڵێن بەدەست ئێمە نییە، بەدەست فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانە، ئێستا سێ چوار سەربازی عێراقی تیایە و دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسیش لە بەردەم دەرگەکە وەستاون بۆ پارێزگاری کردن."
گەرچی بڕیاربوو سوپا لە گەڕەکی نەورۆز بکشێنەوە و ئەو شەش خانووەی دەستیان بەسەرداگیرابوو تاوەکو یەکلابوونەوەیان پۆلیس پاسەوانی بکەن، بەڵام لە بەدواداچوونێکی رووداودا دەرکەوت، سەرجەم خانووەکان سەربازی سوپای عێراقی تێدان.
لەهەندێ خانوو سەربازەکان بەجلی مەدەنییەوە دەمێننەوە و لە هەندێکی دیکەش بە جلوبەرگی سەربازی، بەڵام جاروبار دێنە دەرەوەی ماڵەکان.
دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز کە مانگرتنیان راگەیاندووە دەڵێن، "داگیرکردنی خانووەکان بەو ئامانجەیە چەند ئەفسەرێکی پلە باڵا بیکەنە ماڵی خۆیان، ئەگینا ئەو خانووانە بۆ سوپا نییە."
هاوشێوەی گەڕەکی نەورۆز 40 ماڵی کورد لە گەڕەکی عەرەفە گوشاریان لەسەرە و کۆمپانیای نەوت خەریکە لەرێگای دادگەوە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان دەردەکات تاوەکو گوشاریان لێبکەن و دەریان بکەن لەخانووەکانیان. ئەوانیش دژی ئەو هەوڵە هاتوونەتە پاڵ مانگرتنەکەی گەڕەکی نەورۆز.
فەرهاد خۆشناو، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفەیە دەڵێت، ئەوەندەیان زانیوە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی خانووەکانیان دەرکراوە، هەموو کارەکانیان وەستاوە، تەنانەت هەژمارە بانکییەکانیان ناتوانن مامەڵەی پێوە بکەن.
لەگەڕەکی نەورۆز کە122 خانوو هەن، هەریەکەیان رووبەری 600 مەترن کە سەرجەمی 172 ماڵی تێدان، سوپا لەهەوڵدان سەرجەم خانووەکان بۆ خۆیان بگەڕێننەوە و لەقۆناخی یەکەم شەش خانوو، کاتێک چوونە سەر گەڕەکە خاوەنەکانیان لە ماڵ نەبوون دەستیان بەسەرداگرتن.