کەرکووک، گۆڕینی دیمۆگرافی و مادەی 140 سەرۆککۆمار و دوو وەزیری حکومەتی عێراق کۆدەکاتەوە

07-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ وەزیرانی داد و ژینگەی عێراق و بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق کۆبوونەوە و باسی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان کرد. سەرۆکۆمار رایگەیاند، پێویستە بەدواداچوون بۆ کاراکردنی بڕیارەکانی لیژنەی مادەی 140 لەرێگەی کاری هاوبەش لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت بکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 7-1-2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەغدا لەگەڵ هەریەک لە خالید شوانی، وەزیری داد؛ نزار ئامێدی، وەزیری ژینگە؛ کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، "باسی دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق، بەتایبەت کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، پەیوەندیی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەرێگەی جێبەجێکردنی یاسا و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە رۆشنایی سازانە سیاسییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان کردووەتەوە.
 
هەروەها گوتوویەتی: "پێویستە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بە خێرایی دروستبکرێت بۆ ئەوەی کێشەکانی پارێزگاکە چارەسەر بکات و ماف بۆ خاوەن مافەکان بگەڕێنێتەوە و چارەسەری لێکەوتەکانی بڕیارە ستەمکارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشانەوە بکات."
 
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی جێبەجێکردنی مادەی 140، رۆژی یەکشەممە، 7-1-2024، لەبارەی کۆبوونەوەکەیانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "باسی دۆخی کەرکووک، ناوچە کێشە لەسەرەکان، مادەی 140 و دۆخی سیاسیی و بڕیارەکانی لیژنەی مادەی 140 کرا، سەرۆککۆمار گوتی کە پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس بۆ ئەوەی عەرەبەکان قەرەبوو بکرێنەوە و بە زووترین کات زەوییەکان بگەڕێنەوە بۆ خاوەنی رەسەنی خۆیان کە کورد و تورکمانن."
 
هەفتەی رابردوو بۆ جارێکی دیکە گوشار خریە سەر کورد لە کەرکووک، رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2023، هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک بۆ چۆڵکردنی 122 خانوو کە لە سەردەمی رژێمی بەعس بە زێدەڕۆ لەسەر زەوی هاووڵاتییانی کورد دروستکراون و دەستیان بەسەر ئەو خانووانەدا گرت کە چۆڵ و ناوی ئەو خێزانانەشیان تۆمار کرد کە لە خانووەکاندان و داوایان لێکردن بە زووترین کات چۆڵی بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە