شارەوانیی هەولێر: سێ گەڕەکی نوێ دروستدەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری شارەوانیی دووی هەولێر رایدەگەیێنێت، سێ گەڕەکی نوێ لە سنوورەکەیان دروستدەکرێن و رێگەپێدانی دروستکردنی خانوو بۆ خاوەن زەوییەکانی ئەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە. دەشڵێت، سبەی دووشەممە لەگەڵ خاوەن زەوییەکانی گردجووتیار کۆدەبنەوە و چارەنووسی زەوییەکانیان یەکلادەکرێنەوە.
 
ئەندازیار ئارام رەسوول، بەڕێوەبەری شارەوانیی دووی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لەگەڵ دروستکردنی ئەو گەڕەکە نوێیانە، "هەوڵدەدرێت خزمەتگوزاریشیان بۆ دابین بکرێت، لەمەودوا هاونیشتمانییان دەتوانن مۆڵەتی رێگەپێدانی دروستکردنی خانوو وەربگرن."
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی دووی هەولێر گوتیشی، ئەو گەڕەکانەی دروستدەکرێن، گەڕەکی بەختەوەری کە بە قەرەبووی گوندی کۆری ناسراوە؛ گەڕەکی کەڕک یەک، لە رێگای بەحرکە و گەڕەکی گەزنەی نوێ؛ هەر سێ گەڕەکەکە زەوییەکانیان لە ساڵانی رابردوودا بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشکرابوون. پاش تاپۆکردنیان، ئێستا هاونیشتمانییان دەتوانن مۆڵەت و رێگەپێدانی دروستکردنی خانوو وەربگرن.
 
لەبارەی ژمارەی ئەو پارچە زەوییانەی دەکەونە سنووری ئەو سێ گەڕەکەوە، ئارام رەسوول دەڵێت، هەر سێ گەڕەکەکە نزیکەی 13 هەزار پارچە زەویی دەبن، بەشێوەیەک؛ کەڕک1، پێنج هەزار پارچە زەوی، بەختەوەری(قەرەبووی گوندی کۆری) چوار هەزار و 200 پارچە زەوی و گەزنەی نوێ، سێ هەزار و 250 پارچە زەوین.
 
بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ ئەو گەڕەکە نوێیانە، بەڕێوەبەری شارەوانیی دوو ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای ئاوەدانکردنەوەی ئەو گەڕەکانە و دروستکردنی خانوو، "هەوڵدەدەین پرۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین."
 
خاوەن زەوییەکانی گردجووتیار، چەند جارێکە پەیوەندی بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو دەکەن و داوا دەکەن چارەنووسی زەوییەکانیان یەکلابکرێنەوە.
 
ئارام رەسوول، بەڕێوەبەری شارەوانیی دوو گوتی، سبەی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، "خاوەن زەوییەکانی گردجووتیار بانگی شارەوانی دەکرێن و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئامادە دەبێت و لەبارەی چارەنووسی زەوییەکان هەموو روونکردنەوە و زانیارییەکیان پێدەدرێت."