قوباد تاڵەبانی: نابێ مووچەکانی فەرمانبەران بفەوتێن

07-01-2024
ژیڤان بەکر
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شاندی حکومەت لە بەغدان و لە هەوڵی ئەوەدان رێککەوتنێکی گشتگیر بکەن و "دەبێت کۆتایی بەوە بهێنین کە 700 ملیارەکە هات یان نەهات و لەم دڵەڕاوکێیە نەجاتمان بێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نابێ مووچەکانی فەرمانبەران بفەوتێن. دەشڵێت، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لەبارەی کەرکووکەوە کۆببنەوە. لەبارەی خوێندنی ئەم ساڵیشەوە گوتی: "نابێ بە هیچ شێوەیەک خوێندکاران لە خوێندن بێبەش ببن."
 
دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران "بە پینە ناکرێت" 
 
مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی 2023ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدراون؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە رووداوی گوت: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، هیوادارم سەرکەوتووبن لە دانوستاندن و گفتوگۆکانیان؛ هەوڵبدەن و بەردەوامبن بۆ ئەوەی هەموارێک بکرێت بۆ یاسای موازەنە و کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت. دەبێ کۆتایی بەمە بهێنین کە ئەمە بە پینە ناکرێت؛ هەر جارێک دەچین پینەیەکی دەکەین و شاندێک دەنێرین، حەوسەدەکە هات، نەهات! دەبێ لەم دڵەڕاوکێیە نەجاتمان بێ و بەیەکجاری شاندەکەمان بچێتە ئەوێ و رێککەوتنێکی گشتیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت؛ ئیتر با لە ساڵی 2024 باسی مووچە نەکەینەوە."
 
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: "نابێت مووچەکانی فەرمانبەران بفەوتێن. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین نەفەوتێن؛ چونکە مافێکی یاسایی مووچەخۆرانە، نابێ بە هیچ شێوەیەک بفەوتێن."
 
هەڵوێستی حکومەت لەبارەی هێرشە درۆنییەکان
 
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بەو هێرشە درۆنییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان، گوتی: "هەمیشە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، ئینجا چ لە ناو عێراقەوە بێت، یان لە دەرەوەی عێراقەوە بێت. پێموایە ئەوە هیچ سوودێک بە هیچ کێشەیەک ناگەیێنێت؛ تەنیا ئاڵۆزییەکی زیاتر دروست دەکات. ئێمە بە ئاشکرا و لە رێگەی پەیوەندییەکانمانەوە بە هەموو لایەک دەڵێین، دەبێ کۆتایی بەمە بهێنن. هاوپەیمانەکانمان لێرە میوانن، هاوکات ئاڵۆزییە بۆ هاوڵاتییان و نیگەرانیان دەکات. بۆیە بە رێگەیەکی دروستی دروستی نازانین."
 
پارێزگاری کەرکووک بۆ کێ دەبێت؟
 
رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو؛ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کەرکووک و دەروبەری بەو شێوەیە ئەنجامەکەی راگەیاند: یەکێتی 5 کورسی؛ هاوپەیمانیی عەرەبی 3 کورسی؛ هاوپەیمانیی قیادە 2 کورسی؛ تورکمان 2 کورسی؛ پارتی 2 کورسی؛ کۆتای مەسیحی 1 کورسی. دوو سیناریۆ بۆ پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگا هەن، یەکەم هاوپەیمانیی عەرەبی، قیادە و تورکمان لەگەڵ پارتی رێکبکەون، کە کۆی کورسییەکانیان دەگاتە نۆ کورسی. دووەم هەریەک لە یەکێتی، کورسییەکی کۆتای مەسیحی، عرووبە و بەرەی تورکمانی، کە کۆی کورسییەکانیان دەگاتە نۆ کورسی و ئیدارەی پارێزگا بەڕێوەببەن، بەمەیش پۆستی پارێزگار بەشێوەی ئالوگۆڕ بێت لە نێوان هاوپەیمانانی پێکهێنەری ئیدارەی پارێزگەی کەرکووک. 
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و کەرکووکەوە گوتی: "دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان کۆببنەوە و کۆک بن، بۆ ئەوەی چیتر نەهێڵین ستەم لە کەرکووک بکرێت. بۆ ئەم بابەتە هەنگاو نراوە و بەردەوامیش دەبین. ئێمە مافی خۆمانە پۆستی پارێزگار وەربگرین، بە حوکمی ئەو دەنگانەی کە هێناومانە. بە حکومی ئەو مێژووەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیەتی لە کەرکووک. بەو ئەنجامەی ئێمە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هێناومانە، ئیتر دەبێ ئەو ستەمەی لە کەرکووک کراوە بوەستێندرێت."
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وادەیەکی دیکە دیاری دەکرێت؟
 
بڕیار بوو لە 25ی شوباتی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، ناتوانێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببات. لەم بارەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی دا: "ئێمە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەین و پێموایە هەموو لایەنەکانی دیکەیش ئامادەن، دەڵێن ئامادەین."
 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە