پۆلیسی هەرێمی کوردستان: لەدوای مانگی تەممووزەوە چەکی تۆمارنەکراو بە قاچاخ هەژمار دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

حکومەت 40 بنکەی بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و دوا وادە بۆ تۆمارکردن مانگی تەممووزی ئەمساڵە. بەڕێوەبەری کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لەدوای ئەو ماوەیە، هەر چەکێکی تۆمارنەکراو لەدەست هاووڵاتییان بگیرێت، وەکو چەکی قاچاخ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
 
رۆژی شەممە، 7-1-2022، عەقیدی مافپەروەر ئیدریس مامەند پیرباڵ، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: "یاسای ژمارە دووی چەک لە هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 دەرچووە".
 
ئیدریس مامەند پیرباڵ گوتی: "ساڵی 2022 رێنمایی ژمارە شەش بۆ شیکردنەوەی بڕگەکانی ئەو یاسایە دەرچوو. بەپێی ئەو رێنماییە، 40 بنکەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان دامەزران و تا مانگی تەممووزی ساڵی 2023 کار دەکەن".
 
هەر هاووڵاتییەک دەچێتە ئەو بنکانە بۆ تۆمارکردنی چەکەکەی، پسووڵەیەکی پێدەدرێت و دوای تەواوبوونی ماوەی تۆمارکردنی چەک کە تەممووزی 2023یە، هەشت لیژنە لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێندرێن بۆ پێداچوونەوە بە داواکارییەکان و پێدانی مۆڵەتی چەک.
 
بەڕێوەبەری کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "تۆمارکردنی چەک و پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک تەنیا بۆ چەکەکانی وەکو دەمانچە و کلاشنیکۆفە و بە هیچ شێوەیەک مۆڵەت بە هەڵگرتنی چەکی جەنگی وەکو بیکەیسی و ئار پی جی نادرێت".
 
بە گوتەی ئیدریس مامەند پیرباڵ: "لە هەرێمی کوردستان چەکی جەنگی لای هاووڵاتییان هەیە و بۆ داماڵینی ئەو جۆرە چەکانەش 16 بنکەی تایبەت کراونەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بچن و چەکەکانیان رادەستی ئەو بنکانە بکەن. دوا مۆڵەت بۆ رادەستکردنی چەکە جەنگییەکانیش مانگی تەممووزی 2023یە".
 
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، دوو جۆر مۆڵەتی چەک بە هاووڵاتییان دەدرێت کە یەکێکیان مۆڵەتی دەستدارییە و دەبێ چەکەکە تەنیا لە ماڵەوە یان ئەو شوێنە هەڵبگیرێت کە هاونیشتمانییەکە لەکاتی وەرگرتنی مۆڵەتەکەی تۆماری کردووە و ئەوی دیکەش مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکە کە خاوەن مۆڵەتەکە دەتوانێت چەکەکە لەگەڵ خۆی بگێڕێت.
 
بەڕێوەبەری کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات تا مانگی تەممووزی ئەمساڵ چەکەکانیان لە بنکەکانی وەزارەتی ناوخۆ تۆمار بکەن و رایدەگەیێنێت: "لەدوای مانگی تەممووز، هەر هاووڵاتییەک چەکی هەبێت و لە بنکەکان تۆماری نەکردبێت، چەکەکەی بە قاچاخ هەژمار دەکرێت".
 
ئیدریس مامەند پیرباڵ دەڵێت: "ئەگەر هەر هاووڵاتییەک چەکەکەی تۆمارکردبێت و دواتر مەرجەکانی پێدانی مۆڵەت نەیگرێتەوە، چەکەکەی نافەوتێت" و دەشڵێت: "لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران پێکدەهێندرێت بۆ خەمڵاندنی نرخی چەکەکەی و حکومەت بە شێوەیەکی شایستە و بەپێی نرخی رۆژ قەرەبووی دەکاتەوە".