لە وان مینی پاسێكی کۆچبەران درایە بەر دەستڕێژی گولـلە؛ کۆچبەرێک کوژرا


رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، تیمێکی پۆلیس دەستڕێژیان لە مینی پاسێك کرد کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی دەگواستەوە، بەوهۆیەوە کۆچبەرێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو. 
 
رووداوەکە ئەمڕۆ شەممە 7ی کانوونی دووەمی 2023 لەسەر رێگەی سەرەکی شاری وان و شارۆچکەی قەلەلی روویدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، مینی پاسێک کە 20 کۆچبەری نایاسایی لە شارۆچکەی قەلقەلی دەگواستەوە بۆ ناوەندی شاری وان، گوایە لە رێگە بە ئاراستەیەکی پێچەوانە خۆی کردووە بە خاڵێكی پشکنینی پۆلیس دا. 
 
تیمەکانی پۆلیس بەو هۆیەوە دەستڕێژی گولـلەیان لە مینی پاسەکە کردووە، لە ئەنجامدا کۆچبەرێک کوژراوە و کۆچبەرێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە. دوای رووداوەکە تیمی تەندروستی چوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
باس لەوە دەکرێت کە تەرمی کۆچبەرە کوژراوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر رێگە بەجێماوە و کۆچبەرەکانیش لە شوێنی رووداوەکە راگیراون. 
 
تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی کۆچبەرە کوژراوەکە و کۆچبەرانی ناو مینی پاسەکە بڵاونەکراوەتەوە.