لیزا فەلەکەدین: بەمنزیکانە مووچەی نایاسایی خانەنشینی پلە باڵاکان دەبڕدرێت

07-01-2021
کاوار ساڵح
نیشانەکردن مووچەی نایاسایی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند پرۆسەی بڕینی مووچەی نایاسایی بەردەوام دەبێت و لە داهاتوودا مووچەی نایاسایی خانەنشینی پلە باڵاکان دەبڕدرێت.
 
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی مووچە وەردەگرن زۆر لەوە زیاترە کە تائێستا وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، پرۆسەکە بەردەوامە و هەموو مووچە نایاساییەکان دەبڕدرێن".
 
بەگوتەی لیزا فەلەکەدین کاکەیی: "لە نزیکترین ماوەدا مووچەی نایاسایی خانەنشینی پلە باڵاکان دەبڕدرێن. ئەوانەی وەک رێزلێنانێک بەرامبەر خەباتیان مووچەیان وەردەگرت، مووچەکەیان دەبڕدرێت و چارەسەری دیکەیان بۆ دەدۆزرێتەوە".
 
لیزا فەلەکەدین ئاماژەی بەوەدا هەندێک کەس بە ناوی پێشمەرگەی دێرین مووچە وەردەگرن، مووچەی ئەو کەسانەش رێکدەخرێتەوە و لە جیاتی مووچە، بڕە پارەیەکیان وەک رێزلێنان دەدرێتێ. 
 
رۆژی چوارشەممە 6-1-2021 وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مووچەی 13 هەزار و 282 کەسیان بڕی کە مەرجی یاساییان تێدا نەبووە. 
 
هەروەها رۆژی 04-01-2021، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە وەزیری دارایی و ئابووری مووچەی زیاتر لە 10 هەزار مووچەخۆری نایاسایی بڕیوە کە لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان تۆمارکراوە.
 
سەبارەت بە بڕی ئەو داهاتەی لە ئەنجامی بڕینی مووچەی نایاسایی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە. لیزا فەلەکەدین کاکەیی گوتی: "هێشتا دیار نییە و حکومەت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاشکرای دەکات. بەڵام داهاتەکە بەشی  پڕکردنەوەی بودجەی کوردستان ناکات".
 
لیزا فەلەکەدین دڵنیایی دەداتە کەمئەندامان و دەڵێت: "زۆر پێداگیری لە پاراستنی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکرێت و دڵنیایان دەکەینەوە ئەوەی مافی خۆیەتی مووچە وەربگرێت نابڕدرێت و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کاری لەسەر دەکات و بەردەوامە".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران پێویستی بە 894 ملیار دینارە، کە نزیکەی 53%ی بۆ دەرماڵەکانە، ئەندامەکەی لێژنەی دارایی دەڵێت: "ئەو دەرماڵانە بەشێوەیەکی یەکسان دابەشنەکراوە بە تایبەت دەرماڵە ناجێگیرەکان".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان حەوت ساڵە پرۆژەیاسای بودجەی نەبووە. ئەمساڵ بەنیازە پرۆژەکە ئامادە بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات.
 
لیزا فەلەکەدین دەڵێت: "تاکە بەربەستی پێش پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی عێراق، کە مەترسیی دەستکاریکردن، یان نەدانی هەیە. بەڵام پەرلەمان پشتگیری لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 دەکات، لە چەند رۆژی داهاتووشدا لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە کۆدەبێتەوە".
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 مامۆستا ئازاد هورمزیار، بەرپرسی لقی کەرکووکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

بەرپرسی یەکێتی زانایان لە کەرکووک: لە هەرێمی کوردستان بەبێ بینینی مانگ کرایە جەژن

بەرپرسی لقی کەرکووکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، جیاوازیی یەکەم رۆژی جەژن لەنێوان کەرکووک و هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی شەرعی نییە؛ گوتیشی، ''بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن لە هەرێمی کوردستان، مانگ نەبینراوە.''