گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرش بۆ سەر منج رادەگەیێنن

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات، رۆژی هەینی رایانگەیاند، هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە منبج. 
 
رۆژی هەینی، ئەو گرووپە چەکدارانە لە چەند شوێنێک هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر هەسەدە و رایانگەیاند، گوندێکیان لە باشووری منبج کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام هەسەدە ئەوەی پشتڕاستنەکردووەتەوە. 
 
چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی هێرشی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گزنگی ئازادی" راگەیاند، کە تاوەکو ئێستا ئامانجی سەرەکییان ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانە کوردەکان بووە، لە کاتێکدا هەسەدە و هەتەشە رێککەوتوون شەڕی یەک نەکەن. 
 
گرووپی بەناو "سوپای نیشتمانیی سووریا" لە راگەیێندراوێکدا هەسەدە تۆمەتباردەکات بەوەی بە پشتیوانیکردنی حکومەتی بەشار ئەسەد، "لە پشتەوە لە شۆڕشی داوە."
 
گرووپەکە دەڵێت: "لە کاتێکدا پاڵەوانەکانی شۆڕشی سووریا شەڕی ئازادی بۆ رزگارکردنی وڵاتەکەمان لە چنگی رژێمی تاوانکار و دارودەستەکانی دەکەن، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کارێکی ناپاکانەدا، لە پشتی شۆڕشیان دا. ئەم هێزانە هیرشیان کردە سەر ژمارەیەک گوندی دەوروبەری حەلەب و ژمارەیەکیان کۆنترۆڵکردن، هەروەها هەوڵیاندا بە ئاراستەی پێگەکانمان پێشڕەوی بکەن، کە ئەوەش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر رێڕەوی ئازادکردن."
 
گرووپە چەکدارەکە دەشڵێت: "ناچارین بەرگری لە پێگەکانمان بکەین و خەڵکەکەمان بپارێزین."
 
هەروەها داوا لە خەڵکی منبج دەکات، لە پێگە و بارەگە سەربازییەکان دووربکەونەوە. 
 
هاوکات میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، ئەمڕۆ سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان 11 گوندی منبجیان "بە چەکی قورس" کردوونەتە ئامانج.