لە دەڤەری بارزان پڵنگێکی دەگمەن بیندرا
رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک گوندی هۆستان لە دەڤەری بارزان پڵنگێکی دەگمەن دەبیندرێت کە لە جیهاندا نزیکەی هەزار دانەیان ماون.
ژینگەپارێزی بارزان لەبارەی دەرکەوتنی پڵنگەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڵنگەکە لە شوێنێکی نزیک ئاوەدانی بیندراوە و لەلایەن هاونیشتمانییەکی گوندی هۆستانەوە وێنەی گیراوە.
حەسن حالی، بەرپرسی فەرماندەیی ژینگەپارێزی بارزان بە رووداوی راگەیاند، پێشتریش لەو دەڤەرە پڵنگ بیندراون، بەڵام یەکەم جارە لەو نزیکییەوە ببیندرێت و وێنەی بگیرێت.
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، بۆ پاراستنی پڵنگەکە ناونیشان و شوێنی بینینەکە بڵاو ناکەنەوە. وەک پاراستنی کۆی گیاندار و باڵندە کێوییەکانی دیکەی ئەو دەڤەرەش، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی پڵنگەکە.
ئەو پڵنگەی بیندراوە ناوی زانستیی Panthera Pardus Tullianaیە و لە جیهاندا بە Persian leopard دەناسرێت. ژمارەیان نزیکەی ( 800-1000) دانەیە.
تەمەنی ئەو جۆرە پڵنگە لەنێوان (10-20) ساڵدایە و خێراییەکەی نزیکەی 58 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا. کێشی نزیکەی 60 کیلۆگرامە و درێژییەکەی نزیکەی 158 سانتیمەترە.
ئەو پڵنگە یەکێکە لە گەورەترین جۆرەکانی پڵنگ لە جیهان دا.