رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئێران ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی رەزا رەحمانی، پارێزگاری نوێی شارەکەدا ئامادە بێت.
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران ئەمڕۆ هەینی 06ی کانوونی یەکەمی 2024، دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاری ورمێ رایگەیاند، "ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە کارە لە پێشینەکانی حکومەت و بەڕیوەبەرایەتییە نوێیەکەی ئەم پارێزگایەیە، کە بەداخەوە خەریکە ئاوەکەی کەمتر دەبێت."
موئمینی گوتی: "هیوادارین بە ئامادەبوونی پارێزگاری نوێ کە کەسایەتییەکی نیشتمانییە و لە دامەزراوە جیاوازەکانی وڵاتدا چەندین بەرپرسیارێتی هەبووە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پارێزگاکەدا ببینین."
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران، پارێزگای ورمێ توانایەکی زۆری هەیە کە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سێ وڵاتدا هەیە، هەروەها توانایەکی زۆری لە سێکتەرەکانی کانزا، کشتوکاڵی و گەشتیاریدا هەیە.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، رێورەسمی دەستبەکاربوونی رەزا رەحمانی، پارێزگاری نوێی ورمێ لە هۆلی وەحدەتی شارەکە بەڕێوەبچێت.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2024 فاتیمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت دا بڕیاردرا رەزا رەحمانی، وەک پارێزگاری نوێی ورمێ دەستنیشان بکرێت.
رەزا رەحمانی لە شوێنی محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری پێشووی ورمێ دەستبەکار دەبێت.
رەزا رەحمانی، خەڵکی تەورێزە و لە سێ خولی پەرلەمانی ئێران دا نوێنەری شاری تەورێز بووە. هەروەها لە کابینەی دووەمی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ