سەرۆکی روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا: قورسە تەحریر شام دەستی بە دیمەشق بگات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا دەڵێت: چەکدارانی تەحریر شام نەچوونەتە نێو سنووری حومس، بەڵام پایتەخت زۆر قورسە دەستیان پێبگات و هەروا ئاسان نییە.
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا، میوانی بووڵتەنی کۆرۆژی رووداو بوو و لەبارەی شەڕی نێوان دەستەی تەحریری شام و سوپای سووریا لە سنووری حەلەب رایگەیاند، "چەکدارانی تەحریر شام نەچوونەتە ناوەندی حومسەوە، بەڵام رەنگە لە دەوروبەر و بەرەی بادییەی سووریاوە چووبنە نێو سنوورەکانی شارەکەوە، بەتایبەتی لە سەلەبییە."
پردی رەستن، کە لە نێوان حەما و حومسە، دوێنێ تەقێندرایەوە، بەڵام رامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: "هەرچەندە رێگەی حومس و حەما داخراوە، بەڵام رێگەی دیکە هەیە کە بە شارەکە بگەن."
لەبارەی گەیشتنی چەکدارانی تەحریر شام بە دیمەشق، رامی عەبدولڕەحمان گوتی، "پایتەخت زۆر قورسە دەستیان پێبگات و هەروا ئاسان نییە، بەڵام دەگەنە حومس و بادییەی سووریا."
سەبارەت بە راگەیێندراوەکەی هەسەدە کە دەڵێن، داعش رووبەرێکی فراوانی لە دێرەزوور و حومس کۆنترۆڵ کردووە، سەرۆکی روانگەی مافی مرۆڤ دەڵێت: "داعش لەو ناوچانە هەبووە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ دەتوانن چالاکی بکەن؟ کاژێرەکانی داهاتوو یەکلاییکەرەوە دەبن."
بڕیارە ئەمڕۆ هەینى، وەزیرانى دەرەوەى عێراق، ئێران و سووریا لە بەغدا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ناوچەکە و سووریا، رامی عەبدولڕەحمان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە گوتی: "ئیدی شەمەندەفەر تێپەڕیوە، کۆبوونەوە بکرێت یان نا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، ئەگەر رژێمی ئێران و رووسیاش بهێنێت ناتوانێت هیچ بگۆڕێت، رەنگە بەیانییەک لە خەو هەڵسین و ببینین بەشار ئەسەد رووخاوە، بەڕاستی رووخانی ئەم رژێمە زۆر نزیکە و بەتەواوی لاواز بووە."
هەدەسە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەوە تۆمەتبار دەکات کە پێشێلکاری بەرامبەر هاونیشتمانیان کردووە، بەڵام بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، "لەوەتەی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا پێشێلکاری بەرامبەر هیچ پێکهاتە و ئایینێک نەکراوە، دەستەی تەحریر شام هیچ شتێک دژی کورد ناکات، ئەوانەی بەرامبەر کورد کراون ئەو هێزانەن کە سەر بە تورکیان."
سەرۆکی روانگەی مافی مرۆڤ پێیوایە، "رەنگە لەناو سووپا و دارودەستەی بەشار ئەسەد بەتایبەتی عەلەوییەکان، کودەتا رووبدات، چونکە ئەسەد بە بیانووی تیرۆر هەزاران هاووڵاتی سووریای کوشتووە. ئەمریکاش ئامادەکاری زۆری لە رۆژئاوای فورات کردووە و رەنگە ئۆپەراسیۆن بۆ دێرزوور بکات، هیچ کەس متمانەی بە بەشار ئەسەد نەماوە."