رووداو دیجیتاڵ
گەشتوگوزاری دهۆک کار لەسەر ئەوە دەکات گەشتیاری زستانە زیاتر روو لە پارێزگاکە بکەن و بۆ ئەوەش 30 کۆمپانیای گەشتیاری لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق بانگهێشتی پارێزگاکە کردووە. بەگوێرەی گەشتوگوزاری دهۆک، نزیکەی 80٪ـی ئەو گەشتیارانەی سەردانی پارێزگاکە دەکەن، گەشتیاری هاوینەن.
پەیامنێری رووداو چووەتە سەر چیای زاوا لە دهۆک و لەگەڵ چەند خاوەن دووکانێک قسەی کردووە، یەکێکیان دەڵێت، زستانان کەمتر گەشتیار روو لەو شوێنە دەکەن و ئەوانیش ناچارن بەشێک لە کرێکارەکانیان بنێرنەوە بۆ ماڵ. عوسمان مونیر بە رووداوی گوت، "زستانان کەس نایێتە ئێرە، لە هاویندا زیاتر خەڵک دێن، زۆرینەشیان عەرەبن. هاوینان 10 کەس لێرە کار دەکەین، بەڵام لە زستانان دەبینە 3، 4 یان 5 کەس."
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردووە و زیاتر لە 80٪یان لە وەرزی هاوین چوونەتە پارێزگاکە. گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، داوایان لە 30 کۆمپانیای گەشتیاری لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە کە گەشتیاری زستانەشیان بۆ ببەن.
سینان نەجاڕ، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانە و دەڵێت، "ساڵی 2023 زۆر باش بوو بۆ گەشتی گرووپەکان، بەڵێن دەدەین کە رێکلامێکی باش بکەین بۆ ئەوەی گرووپە گەشتیارییەکان لەم وەرزەش سەردانی دیمەنە باڵکێشەکانی دهۆک و هەرێمی کوردستان بکەن."
گەشتوگوزاری دهۆک لەگەڵ نوێنەری ئەو کۆمپانیا گەشتیارییانە، چوونە بەشێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیبینن و بتوانن گەشتیاری زستانەی بۆ رابکێشن.
خەیری عەلی ئوسۆ، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی گوت، "بە کۆمپانیاکانمان گوتووە گەشتیاری کوێتی و قەتەریش بێنن، هەوڵ دەدەین گەشتیاری کەنداویش رابکێشین. ئێمە کاتێک باسی گەشتیاری زستانە دەکەین، نەک تەنیا باسی بەفرە، بەڵکو باسی چیا، باران و سەرمای دهۆک دەکەین، هەموو شتێکی جوانە و باران لە کاتی خۆیدا دێت، ئەمە جوانترین کەشە بۆ مرۆڤ، کە بەفریش دەبارێت، ئەمە کەشێکی دیکەیە."
زیاتر لە 230 ناوچەی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن و زۆرینەیان لە وەرزی زستاندا دادەخرێن، چونکە گەشتیاران رووی تێناکەن، هەروەها چوونی گەشتیارانیش بۆ پارێزگاکە، لە وەرزی زستاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ