کەمیی مریشک لە ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
کەمیی مریشک لە بازاڕەکانی ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی بۆ خەڵک دروستکردووە. بەشێک لە بەرپرسان دەڵێن، مریشک لەو پارێزگایەدا زیاترە لە پێویستیی خەڵک، بەڵام بەهۆی ئەوەی مریشکی ئیلام هەرزانە و بۆ پارێزگاکانی دیکە دەنێردرێت، کێشەکە دروستبووە.
جەواد وەلییان، جێگری سەرۆکی یەکێتیی خاوەن پەلەوەرخانەکانی ئیلام دەڵێت، نرخی مریشک لە ئیلام بەراورد بە پارێزگاکانی کرماشان و خوزستان 10 تاوەکو 12 هەزار تمەن کەمترە. ئەوەش وایکردووە، مریشکی ئیلام بۆ ئەو دوو پارێزگا دراوسێیەی ببردرێت و بەو هۆیەوە مریشک لە بازاڕی ئیلامدا کەمبووەتەوە.
بە گوتەی حشمەت عەزیزییان، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیلام، "مریشک لە پارێزگای ئیلام دوو هێندە لە پێویستیی پارێزگاکە زیاترە."
حشمەت عەزیزیان دەڵێت، "لە هەوڵداین هاوسەنگییەک دروست بکەین بۆ ئەوەی بەرهەمهێنەر و کڕیار زەرەر نەکەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی دابەشکردنی مریشک چارەسەر دەکرێت."
بەڵام بە گوتەی شەهریار عەباسی، جێگری بەرپرسی کاروباری ئابووریی پارێزگای ئیلام، هۆکاری کەمی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایەتیی پەلەوەرخانەکان، چونکە مریشک بە سەربڕخانەکان نادەن.
شەهریار عەباسی دەڵێت، بڕیاریان داوە نرخی هەر کیلۆیەک مریشک لە پارێزگای ئیلامدا 86 هەزار تمەن (نزیکەی دۆلار و نیوێک) بێت کە نرخی تێکڕای پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان و سنەیە.