رووداو دیجیتاڵ
لە دەیەم رۆژی گردبوونەوەی کرێکاران لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، هێزەکانی جەندرمە هەڵیانکوتایە سەریان و 22 کرێکار و ئەندامی سەندیکای بیرتەک سەن-یان دەستگیرکرد؛ دوای چەند کاژێرێک لێپرسینەوەش لەگەڵیان، ئازادیان کردن.
کرێکارانی کارگەی پۆشاکی ئۆزاک بە پشتیوانیی سەندیکای بیرتەک سەن ماوەی 10 رۆژە لە گردبوونەوە و ناڕەزاییدان. ژمارەی کرێکارانی ئەو کارگەیە نزیکەی 700 کەس دەبێت و 450یان دەستیان لە سەندیکای خۆیان کێشایەوە و پەیوەندییان بە سەندیکای بیرتەک سەن کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، حەوت کرێکاری کارگەکە لەبەر ئەو هۆکارە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ئەمەش ناڕەزایی دروستکردووە. ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانیش وەکو کاردانەوە دەستیان لەکارکێشایەوە و دەستیان بە ناڕەزایی کرد.
سەرەتا ناڕەزایی و خۆپێشاندان لە بەردەم کارگەکە بوو، بەڵام هێزەکانی جەندرمە رێگەیان پێنەدان لەوێ بمێننەوە و ناوچەکەیان بە بەربەست داخست. کرێکارەکان هەوڵیاندا بەربەستەکان بشکێنن، بەڵام جەندرمە کاردانەوەیان هەبوو و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.
کرێکارانی ناڕازی بە هاوکاریی ئەندامانی سەندیکای بیرتەک سەن رەتیانکردەوە کۆتایی بە چالاکییەکان بهێنن و بەردەوام بوون. گرژی لەنێوان جەندرمە و کرێکارەکان دروستبوو. هێزەکانی جەندرمە 22 کرێکار و ئەندامی سەندیکای بیرتەک سەن-یان دەستگیرکرد؛ چەند کاژێرێک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردن و دواتر ئازادیانکردن.
تاوەکو ئێستاش گرژییەکان دانەمرکاونەتەوە و قەرەباڵخی لە ناوچەی 1ی پیشەسازیی رووها هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ