گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت لە دوو رۆژی ئاییندەدا کێشەی گەشتیاریی کۆمپانیاکان چارەسەر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاریی دهۆک رایگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا کێشەی گەشتیاریی کۆمپانیاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق چارەسەر دەبێت و گوتیشی، " لە رۆژانی داهاتوودا کێشەی رێگەوبان و ئیقامە[ مۆڵەتی نشینگە]ـی گەشتیاران چارەسەر دەکرێت."
رۆژی چوارشەممە، 6-12-2023، دیداری گەشتوگوزاریی دهۆک لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو؛ لە دیدارەکەدا ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتوگوزاری لە باشوور و نێوەڕاستی عێراقدا لەو چالاکییەدا بەشدارن. لە دیدارەکەدا خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاریی دهۆک بە حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەکو بەڕێوەبەری گەشتوگوزاریی دهۆک، بەردەوامین لەسەر کار و چالاکیی خۆمان بۆ خزمەتکردنی کەرتی گەشتوگوزار لە پارێزگای دهۆک. ئەم کۆمپانیایانەی لێرەن، کۆمپانیای گەشتیاریی باشوور و نێوەڕاستی عێراقن."
خەیری عەلی دەڵێت: "ئەوانەی لێرە ئامادەن، ئەو کۆمپانیایانەن کە گەشتیار بۆ ئێمە دێنن. ئەوانە ئەو کۆمپانیایانەن کە ساڵی 2021 زیاتر لە 1 ملیۆن و نیو گەشتیاریان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا. ئەوانەن کە ساڵی 2022 زیاتر لە 2 ملیۆن و نیو گەشتیاریان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە."
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاریی دهۆک دەشڵێت، "ئامانجی ئەم دیدارە ئەوەیە، کە لەگەڵ خاوەن کۆمپانیاکان، خاوەنی هۆتێل و رێستۆرانتەکان دانیشتووین تاوەکو پەیوەندیی نێوانمان بەهێزتر بکەین؛ بۆ خزمەتی گەشتوگوزار، بۆ خزمەتی ئابووریی پارێزگای دهۆک، بۆ زیاترکردنی دەرفەتی کار و بەتایبەت ئەو گرنگییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو کەرتەی دەدات."
بە گوتەی خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاریی دهۆک، لە رۆژانی داهاتوو کێشەی رێگەوبان و ئیقامەی گەشتیاران چارەسەر دەکرێت. گوتیشی، "رۆژی یەکشەممە بەزووترین کات، ئیش لەسەر هەموو گلەیی و گازندەکان دەکەین؛ هەموو کێشەکانی گەشتوگوزار لە ماوەی ئەم دوو سێ رۆژەدا چارەسەر دەکەین؛ بۆ کێشەی رێگەی چیای گارەش نووسراوێکی فەرمی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و پێویستە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاریی دهۆک دەشڵێت، "هەرچەندە گەشتیار زیاتر سەردانی پارێزگای دهۆک بکەن، ئەوە دەرفەتە بۆ کۆمپانیاکان، هۆتێل و رێستۆرانتەکان قازانج بکەن؛ دەکرێت ئەوانیش بێن لە دیداری ئاوا بەشداری بکەن و پەیوەندییان لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێنانی گەشتیار بەهێزتر بکەن."