بەشێک لە خەڵکی سلێمانی 'بەهۆی گرانیی نرخەوە' ئەو نەوتە وەرناگرن کە حکومەت دابەشی دەکات

 
رووداو - سلێمانی

بەشێک لە خەڵکی سلێمانی بەهۆی گرانیی ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماڵانی دابین دەکات، ئامادە نین وەریبگرن؛ بەهای یەک بەرمیل لەو نەوتە بە 103 هەزار و 500 دینارە.
 
رەعنا رەشید، کابانی ماڵ ئاماژە بەوە دەکات، "نەوتمان وەرنەگرت، لەبەر ئەوەی پارەکەی زۆرە و ناتوانین بیکڕین و ناشیکڕم، چونکە مووچەم نییە، خۆ پارەم بۆ نابارێت، بە ناچاری دەبە دەبە دەیکڕین و یەک زۆپاشمان هەیە سێ ژووری پێ گەرم دەکەین، بە نۆرە بە ژوورەکاندا دەیگێڕین."
 
زۆرینەی ئەوانەی نەوتەکەی حکومەتیان وەرگرتووە، رەنگە ترسیان لە سەرما و سۆڵەی زستان هەبووبێت، ئەگەرنا کە لە خەڵک دەپرسیت، زۆرینە لە نرخ و بڕی نەوتەکە ناڕازین.
 
نامیق عەبدوڵڵا، خانەنشین دەڵێت، "نەوتم وەرگرت، بەڵام لە نرخەکەی رازی نیم، چونکە هەموو کوردستان نەوتە، بەڵام بە 103 هەزار و 500 دینار پێیان داوم، لە کاتێکدا لە ماڵەوە 200 هەزار دینارم هەبوو، ئەویش ناچاربووم و گوتم با بیدەم بە بەرمیلێک نەوت باشترە، لەکاتێکدا دیارە کە مووچە زۆر دواکەوتووە، تەنانەت ئەم ماڵەی خوار خۆمانەوە کرێچین و مووچەیان نییە، هەر نیەتی نەوت بکڕێت."
 
سەباح محەممەد، شۆفێری تەنکەری نەوت لە کۆڵانێکی سلێمانیدا باسی لەوە کرد، "چەند ماڵێک نەوتیان وەرگرتووە، خەڵک زۆر کەم بەدەم نەوتەکەوە دێن."
 
دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە سلێمانی بە رێژەی 50% کەمیکردووە، بەهۆی گرانیی نرخەکەی و چاوەڕوانیی بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ ئەو نەوتە 50 هەزار دینارییەی بڕیارە لە بەغداوە بێت، لە کاتێکدا نە بڕەکەی و نە کاتەکەی دیارنییە.
 
هەفتەی رابردوو بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی گوت، لە 01-12-2023وە نرخی نەوت لە 100 هەزار دینارەوە دەبێتە 50 هەزار دینار.
 
رووداو زانیویەتی، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێک لە حکومەتی عێراقەوە نەهاتووە تاوەکو بە 50 هەزار دینار دابەشبکرێت.
 
لێپرسراوی دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، "دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە نەوتی 50 هەزار دیناری دێت، بەڵام هیچمان بۆ نەهاتووە، ئەگەر لە کاتێکدا ئەو نەوتە بێت، بە بڕیاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کورستان لەناوچە شاخاوییەکان دابەشدەکرێت، نەک ناو شار."
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی 576 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە؛ هەروەها نزیکەی 532 هەزار خێزان ماون نەوت وەربگرن.