سیدەکان کرا بە قەزا
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سیدەکان کرا بە قەزا. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سۆران دەڵێت، خەلیفانیش دەکرێت بە قەزا.
رۆژی سێشەممە، 6-12-2022، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناحیەی سیدەكان بە فەرمی كرا بە قەزا.
هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان لەگەڵ بەقەزابوونەکەدا بەوەکالەت وەکو قایمقامی سیدەکان دیاریکراوە.
هەژار حەکیم ئاماژەی بەوەش کرد، کاردەکەن بۆ ئەوەی ناحیەی خەلیفانیش بە قەزا بکرێت و گوتیشی: "بۆ بەقەزاکردنی خەلیفان، داوامان لە وەزیری ناوخۆ کرد و ئەویش گوتی لە بەرنامەیاندایە و کاری جیدی لەسەر دەکەن".
لە کاتی رێوەڕەسمەکەدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: "لەم کابینەیەدا بڕیارمانداوە کە دەبێت دەسەڵات و خزمەتگوزاری لە ناوەندی شارەکان بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی شارەکان و تەنیا سەرنج لەسەر شارە گەورەکان نەبێت. لەو روانگەیەوە لە ماوەی رابردوودا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروستکرا".
رێبەر ئەحمەد گوتیشی، دەیانەوێت خەڵکی ناوچەکە خۆیان دەسەڵاتی ناوچەکەیان بەڕێوەببەن و ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارە سەرکەوتوو نابێت ئەگەر بە هاوئاهەنگی نەبێت لەگەڵ هاونیشتمانیاندا.
هەر لە رێوەڕەسمەکەدا، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، چاوەڕێی ئەوەیان نەکردووە کە بە بڕیاری بەقەزابوون خزمەتگوزاری ببەنە سیدەکان و ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییان دەستپێکردووە. بەگوتەی ئەو، بەشێكی کۆڵانەکانی سەنتەری سیدەکانیان قیرتاوکردووە و لە داهاتوودا ئەوەشی ماوە قیرتاوی دەکەن.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ژمارەی قەزاکانی بوون بە پێنج قەزا: سۆران، چۆمان، رواندز، مێرگەسۆر و سیدەکان.