وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابخانەکان: رۆژی ئاڵا کاژێرێک تاقیکردنەوەکان دوابخەن


رووداو دیجیتاڵ

لە فەرمانێکی وەزاریدا، وەزیری پەروەردە داوە لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، رۆژی 17ـی ئەم مانگە کە رۆژی ئاڵای کوردستانە، کاژێرێک بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دوابخرێت و رێوڕەسمی رۆژی ئاڵا بەڕێوەبچێت.
 
لە فەرمانە وەزارییەکەدا کە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و رۆژی، 5-12-2022، رەوانەی پەروەردەکان کراوە، دوو فەرمان دەرکراون. یەکێکیان تایبەتە بە رۆژی ئاڵا و ئەوی دیکەش تایبەتە بە بۆنە تایبەتەکانی کریستیان و کوردانی ئێزدیی دانیشتووی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی سێشەممە، 6-12-2022، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی سەبارەت بە دواخستنی تاقیکردنەوەکان و ئەنجامدانی رێوڕەسم لە رۆژی ئاڵادا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارێکی پێویستە کە دراوە و نووسراوەکە بە فەرمی بە ئێمەش گەیشتووە".
 
دەقی نووسراوەکەی وەزیری پەروەردە: 
 
- لەبەر بەرژەوەندیی قوتابییانی هەردوو پێکهاتەی (ئێزدی و کریستیان) بڕیارماندا بە:
 
پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانانەی قوتابیی ئەو دوو پێکهاتەیە تێیدا دەخوێنن، خشتەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم بە جۆرێک رێکبخەن کە گونجاو بێت لەگەڵ جەژن و بۆنەکانیاندا، دەسەڵاتیان هەیە پێش دەستپێکی رێککەوتی تاقیکردنەوەکان کە رۆژی (14-12-2022) دەستپێدەکات، خشتەی تاقیکردنەوەکان رێکبخەن و تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن، یان بەهەر جۆرێک بێت خشتەی تاقیکردنەوەکانیان دابنێن کە بۆیان گونجاوە لەگەڵ بۆنە و ئامادەسازیی جەژندا.
 
- لەبەر ئەوەی رۆژی ئاڵای کوردستان رێککەوتی 17-12ـەیە و ئەو رۆژەش تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمی تێدا بەڕێوەدەچێت، سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان یەک کاژێر پێش دەستپێکی تاقیکردنەوەی ئەو رۆژە رێوڕەسمی ئاڵا ئەنجام بدەن و تەنیا ئەو رۆژە یەک کاژێر تاقیکردنەوەکان درەنگتر بکەن.

 

 
پەرلەمانی کوردستان بە بریاری ژمارە (48) له رێککەوتی (19-06-2004) رۆژی 17ـی 12ـی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و هاوکات رۆژی دایک لە کوردستان دیاریکرد. لە ساڵی 1999 بە بڕیارێک لە پەرلەمانی كوردستان ئەو ئاڵایە بە ئاڵای فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند.