سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: ئامادەم دەستبەرداری پۆستەکەم بم

06-12-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ماوەی یاسایی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و دەبێت بگۆڕدرێت یان تەمەنی درێژبکرێتەوە. سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت: "کەسێک دیاری بکرێت، ئامادەم دەستبەرداری پۆستەکەم بم".
 
رۆژی سێشەممە، 6-12-2022، سەعید مستەفا هەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا راپۆرتی دەستەی دەستپاکی لەبارەی گەندەڵییەوە بەدەستی ئەوان نەگەیشتووە و گوتیشی: "سەرۆکی دەستەی دەستپاکی چەند ساڵێکە لە پۆستەکەیدایە و داوامان کردووە بگۆڕدرێت، چونکە ماوەکەی بەسەرچووە و پێویستە بگۆڕدرێت یان ماوەکەی درێژبکرێتەوە."
 
لەوبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 6-12-2022، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بابەتە شتێکی نوێ نییە. دانانی کەسێکی نوێ کاری پەرلەمانە و بۆ ئەوەش چەندین جار نووسراومان کردووە و سەردانی پەرلەمانمان کردووە و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی کۆبووینەتەوە. ئەوان کەسێک دیاری بکەن من ئامادەم و دەستبەرداری پۆستەکە دەبم".
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە وادەی یاسایی پۆستەکەی لە کۆتایی ساڵی 2017ـەوە تەواو بووە و گوتیشی: "بابەتەکە بەدەستی من نییە و سازانی دەوێت".
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "ئێمە بەردەوام ساڵانە راپۆرت بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەنێرین و وێنەیەکیش ئاراستەی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان دەکەین. ئەمساڵ مانگی 12یە و راپۆرتمان تەواو نەبووە، بۆیە نەنێردراوە. بەشێوەیەکی سرووشتی، ساڵانە مانگی یەک راپۆرت دەنێرین".
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی دەستپاکی، لەنێوان ساڵانی 2017 و 2022 لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکییەوە لێکۆڵینەوە کراوە لە 72 پلە باڵا و پلە تایبەت لە هەرێمی کوردستان کراوە کە شەشیان وەزیر، یەک سەرۆکی دەستە، شەش بریکاری وەزیر، پێنج راوێژکار، یەک ئەندامی پەرلەمان، 34 بەڕێوەبەری گشتی، چوار سەرۆکی فەرمانگە، یەک پارێزگار، پێنج قایمقام و هەشت ئەندامی ئەنجوومەنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە