جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی: سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ماوەی بەسەرچووە و دەبێت بگۆڕدرێت


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ماوەی یاسایی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و دەبێت بگۆڕدرێت یان تەمەنی درێژبکرێتەوە. دەشڵێت، پشکپشکێنەی حیزبی کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر دەستە سەربەخۆکان.
 
سەعید مستەفا هەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "کابینەی نۆیەم و سەرۆکی حکومەت لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە توانیویانە بەڕێژەیەکی باش رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە".
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی باس لەوەش دەکات، ئەو راپۆرتەی دەستەی دەستپاکی لەبارەی گەندەڵییەوە تاوەکو ئێستا بەدەستی ئەوان نەگەیشتووە وەکو لیژنەی دەستپاکی و دەشڵیت، "سەرۆکی دەستەی دەستپاکی چەند ساڵێکە لە پۆستەکەیدایە و داوامان کردووە سەرۆکەکەی بگۆڕدرێت، چونکە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ماوەکەی بەسەرچووە و پێویستە بگۆڕدرێت، یان ماوەکەی درێژبکرێتەوە."
 
سەعید مستەفا گوتیشی، "سەرۆکی دەستەی دەستپاکی پشکی یەکێتییە، کاتێک یاسای دەستەی دەستپاکی هاتە پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان بە ئێمەی گوت: تەنیا ئەو بڕگەیە دەگۆڕین کە پەیوەندی بە سەرۆکی دەستەی دەستپاکییەوە هەیە. کەچی تاوەکو ئێستا سەرۆکەکەی نەگۆڕاوە".
 
لەبارەی بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی گەندەڵی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کرد، هەموو کەیسێکی گەندەڵی لە لای دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستانە و تاوەکو ئێستاش راپۆرتی دەستەکەیان بەدەست نەگەیشتووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی دەستپاکی، لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2022  لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی، لێکۆڵینەوە لە 72  پلە باڵا و پلە تایبەت لە هەرێمی کوردستان کراوە کە شەشیان وەزیر بوون و یەک سەرۆکی دەستە و شەش بریکاری وەزیر و پێنج راوێژکار و یەک ئەندامی پەرلەمان و 34 بەڕێوەبەری گشتی و چوار سەرۆکی فەرمانگە و یەک پارێزگار و پێنج قایمقام و هەشت ئەندامی ئەنجوومەنن.
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوان وەکو لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان بەداواداچوون بۆ گەندەڵییەکان دەکەن و ئەو پەرلەمانتارەی کە ناوی لە راپۆرتەکەدا هاتووە و ئەگەر ساخببێتەوە کە گەندەڵییەکەی چییە و چۆن کردوویەتی یان پێگەکەی بەکارهێناوە، دواتر پارێزبەندی لەسەر لادەبرێت و دەدرێتە دادگە.