شوان محەممەد: سوودانی بەڵێنی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتەکەی بە شاندی پارتی دا


رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و پەرلەمانتارێکی پارتیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: "سوودانی گوتی، ئەو بەڵێنانەی لە کارنامەی حکومەتدا داومانە، لە چەند مانگی داهاتوو جێبەجێیان دەکەین".
 
رۆژی سێشەممە، 06-12-2022، شوان محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "جگە لە پیرۆزبایی و پاڵپشتیی دەربڕین بۆ محەممەد شیاع سودانی، ئامانجی سەردانەکەمان گفتوگۆکردن بوو لەبارەی کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ کە بۆ هەر یەک لە دۆسیەکان نووسراوێکی فەرمیمان پێشکێشکرد".
 
شوان محەممەد لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر کردوون گوتی: "سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەر لە مادەی 140ـەوە تاوەکو پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بوونی پەیوەندییەکی تەندروست و دامەزراوەیی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، پرسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کارکردن بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەڕووی نێودەوڵەتییەوە، گواستنەوەی مووچە و شایستەکانی شەهیدانی هەرێمی کوردستان بۆسەر دامەزراوەی شەهیدان، گفتوگۆکرا".
 
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "داوامانکرد سەرۆکوەزیرانی عێراق زوو زوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بانگهێشتمان کرد رۆژی 14-04-2023 بۆ یادی ئەنفال لە گەرمیان یان لە قەڵای نوگرەسەلمان ئامادەبێت کە بە فەرمی لەو دوو شوێنە یادی دەکەینەوە".
 
لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داواکارییەکانی فراکسیۆنی پارتی، شوان محەممەد گوتی: "سوودانی بەشێوەیەکی گشتی قسەی کرد و قسەکانی ئەرێنی بوون، باسی لەوە کرد: حکومەت هی هەمووانە و کورد فاکتەرێکی سەرەکی بووە لە پێکهێنانی ئەم حکومەتە و باسی لە رۆڵی پارتی و سەرۆک بارزانیش کرد کە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بووە بۆ پێکهێنانی حکومەت و گوتیشی: دەبێ بە رژدی کار لەسەر ئەو دۆسیانە بکەین کە خرانە بەرباس".
 
شوان محەممەد گوتیشی: "محەممەد شیاع سوودانی کۆمەڵیک بەڵێنی لەبارەی نەهێشتنی گەندەڵی و جێبەجێکردنی مادەی 140 دا و گوتی: لە پڕۆژەیاسای بودجە، بڕەپارەیەک تەرخان دەکەین بۆ پرسی مادەی 140 و ئەو بەڵێنانەی لە کارنامەی حکومەتدا داومانە، ئێستا خەڵک هەمووی چاوەڕێی کردارمان لێدەکات و لە چەند مانگی داهاتوو دەچینە ناو جێبەجێکردنیانەوە و جێبەجێشیان دەکەین".
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و دەشڵێت: "سوودانی بەڵێنی ئەوەی پێداین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوودا بکرێن بە کەرکووکیشەوە، بۆ ئەمەش بڕیارمانداوە".
 
لەبارەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدا بوون، شوان محەممەد گوتی: "شاندەکە لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن و ئێستا کۆمەڵیک لیژنەی تەکنیکی پێکهێنراون و حکومەتی هەرێم بە نیازپاکییەوە ئامادەیە دۆسیەکانی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت بە شەفافی بخاتە بەردەستی بەغدا و حکومەتی فیدراڵیش نیازپاکی پێشانداوە بۆ چارەسەری کێشەکان و پێمانوایە دەگەین بە ئەنجام".