رووداو دیجیتاڵ
هێزێک لە فەرماندەیی هەولێری پێشمەرگە و فیرقەی 14ی سوپای عێراق چوونە نێو گوندی لهێبان لە سنووری سەرگەڕان، هێزەکان سەنگەری هاوبەش لە دەوروبەری گوندەکە لێدەدەن و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوانیان هەبوو پڕی دەکەنەوە.
جێگیربوونی هێزە هاوبەشەکە دوای ئەوە دێت دوو شەوی رابردوو لهێبان کەوتە بەر هێرشی داعش و خەڵکی ناوچەکە بەناچاری چۆڵیان کردبوو
سەعدی عەلی، فەرماندەی فەرماندەیی هەولێری پێشمەرگە رایگەیاند، "کێوماڵی ناوچەکەمان کردووە، شەویش لەو سنوورە زانیاریمان هەبوو داعش جموجوڵی هەبووە تەقەمان لێکردن، لە نووسینگەی جەنابی سەرۆک فەرمان هات چاومان لەو خەڵکەبێت، ئێمە شەویش هێزمان هێنایە پێشتر؛ هێزی پێشمەرگە لێرەیە، ئەو سنوورە لە نێوان هەردوولامان بوو، بەڵام ئێستا ئێمە زیاتر دەستکراوە دەبین".
هاوئاهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە ئاستی باڵا رێککەوتنی لەسەر کراوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند، "ئەم هاوئاهەنگییە لە تەواوی سنووری مەخموور و نەینەوا لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
دانیشتووانی لهێبان کە شەوی رابردوو گوندەکەیان چۆڵکردبوو، گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەیوب شەوی رابردوو بەگریانەوە حەسرەتی بۆ گوندەکەی دەکێشا، زیاتر لە 72 کاژێر بوو چەکی لەشان نەکردبووەوە، ئەوکاتەی هێرشکرایە سەریان تا بەرەبەیان رووبەڕووی چەکدارەکان بووبووەوە.
ئێستا کە پێشمەرگە چوون بۆ پاراستنی، دەستی بە کارەکەی خۆی کردەوە و چووەتەوە بۆ لای مەڕ و ماڵاتەکەی.
کۆمەڵێک گەنج کە لە گوندی شەحەلەوە چوون بۆ بەدەمەوەچوونی خەڵکی لهێبان، دەڵێن، ناوچەکەیان لە مەترسیدایە و ئەگەر ئەوەی لە لهێبان جێبەجێکرا، پەلنەهاوێژێ بۆ ناوچەکەیان، رەنگە خەڵک توانای بەرگریی زیاتری نەمێنێ.
لە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچووخ تا سەرگەڕان حەوت گوند هەن، جگە لە لهێبان گوندەکانی دیکە چۆڵکراون، بەڵام ئومێدی ئەوە هەیە بە گەڕانەوەی ئاسایش بۆ لهێبان گوندەکانی دیکەش ئاوەدانیان بۆ بگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ