رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆی چوار وەزیر لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان سێ وەزیریان بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا نەکرد، ئەو سێ وەزیرە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کردووە، چاوەڕێی پەسندکردنی نامەی دەستلەکاركێشانەوەکەیان دەکەن.
دوای زیاتر لە 40 رۆژ لە کۆنەبوونەوە، رۆژی چوارشەممە 06-11-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام جگە لە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، هیچکام لە وەزیرەکانی دیکەی گۆڕان بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.
رووداو پەیوەندی بە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پشکی گۆڕان کرد و رایگەیاند، ماوەیەکە لە دەرەوەی وڵاتە و ئاگاداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران نییە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرەکانی گۆڕان جگە لە دانا عەبدولکەریم، سەرجەمیان نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا واژۆ نەکراون.
رۆژی 10 تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بەرپرسانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکشێنەوە.
لە کۆی چوار وەزیرەکەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ وەزیریان بڕیاریان داوە لە حکومەت بکشێنەوە؛ کە ئەوانیش، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریین، بەڵام دانا عەبدولکەریم بڕیاری داوە بمێنێتەوە.
جگە لە وەزیرەکان، بەشێکی زۆری بەرپرسانی بزووتنەوەکە لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ