سەرۆک بارزانی: پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڤیتۆی لەسەر کەس نییە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێک نییە و بەپێویستی دەزانێت، گفتوگۆكان لە چوارچێوەی یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگەدا بێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2024، لە سەلاحەدین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیتچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری رابردووی پەرلەمانی كوردستان و رێژەی بەرزی بەشداریی خەڵك لە دەنگدان و بەڕێوەچوونی لە كەشێكی ئارامدا لە سەرۆك بارزانی كرد. سەرۆك بارزانیش سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە بەم رێژە بەرزە بەشداریی هەڵبژاردنیان كردووە.
 
سەبارەت بە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە: "پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت ڤیتۆی لەسەر كەس نییە و پێویستە گفتوگۆكان لە چوارچێوەی یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگەدا بێت."
 
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، پارتی زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو، هەروها یەکێتی کە هاوپەیمانی پارتییە لە حکومەت 23 کورسی بەدەستهێنا. نەوەی نوێش کە ئۆپۆزیسیۆنە 15 کورسی بەدەستهێنا.
 
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئاندرو بیزلی، كۆنسووڵی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و كاریگەریی لەسەر هاوكێشەكانی جیهان و ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.