حکومەت: داوا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکەین بە زووترین کات مووچەی مانگی 10 خەرج بکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، مووچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت، هەروەها نابێت رێگری لە دابینکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات."
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6-10-2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە، کە بڕگەی یەکەمی تایبەت بوو بە سەرژمێریی دانیشتووان. دواپێشهاتی تایبەت بە پرسی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق لەلایەن دارا رەشید، وەزیری پلاندانان خرایەڕوو. 
 
لەبارەی سەرژمێریی گشتی، 31-10-2024 هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هەروەها وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە. کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیش بەهەمان شێوە تایبەت بوو بە پرسی سەرژمێریی دانیشتووان.
 
ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان بۆ مەبەستی گەشەپێدان دووپات کردەوە و، رایگەیاند "دەبێت ئەم سەرژمێرییە بە هیچ شێوەیەک بۆ مەبەستی سیاسی بەکارنەهێنرێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەبێت."
 
ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە ئەو پێشنیازانەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەم پرسە پەسندکران، بگەیەننە حکومەتی فیدراڵ و داواش لە هەموو لایەنە کوردستانییە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم و بەغدا کرا لەمبارەیەوە پشتیوان و هاوکار بن.
 
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بووە بە پرسی مووچەی مووچەخۆران، لەوانەش هەندێک رێکاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024.
 
ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند "پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، مووچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و رێگری نەکات لە دابینکردنی شایستەی مووچەخۆران، بەڵکو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی هەرێمیش لە کاتی خۆی و بەبێ کەموکوڕی، خەرج بکات."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم، لە ماوەی رابردوودا، سەرجەم کەموکورتی لیستەکانی مووچەیان راستکردووەتەوە و ناردوویانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکات بە زووترین کات، مووچەی مانگی 10 خەرج بکات و، "رێکاری جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگرێتەبەر."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو مووچەخۆرانەی تائێستا بایۆمەتریان نەکردووە یان ژمارەی وەزیفیی بێ هاوتایان نییە، "رۆژی 20ـی ئەم مانگە، وەک دوا وادە دەستنیشانکراوە." 
 
ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی رایگەیاندووە، گفتوگۆ لەبارەی نوێترین پێشنیاری حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە هەموارکردنەوەی ماددەی 12ـی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کرا و ئەنجامی دوا کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان خراوەتەڕوو.
 
بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتیش ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت "هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دووپات کردەوە؛ دەبێت هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەستپێبکاتەوە."