ئەو پیاوەی گوتی "هەرکەس پیکابەکەم بکڕێ ژنەکەی دەمرێ" دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو پیاوەی لە یەکێک لە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تویوتا پیکابێکی هەیە و هەرکەس بیکڕێت ژنەکەی دەمرێ، ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر کرا.
سەمیر سەدرەدین، لە پێشانگای کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر کار دەکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکە. چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تیکتۆک بڵاویکردەوە کە "پیکابێکم هەیە، هەرکەس ئەیەوێ ژنەکەی بمرێ با بیکڕێت." گوتبووی: "پیکابەکەم خواستی زۆری لەسەرە، بۆیە ئێستا بڕیارمانداوە بە کرێی بدەین و لە 45 رۆژ 45 وەرەقە وەردەگرین."
ئەم ڤیدیۆیە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و ناڕەزایەتیی زۆری لێ کەوتەوە، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06.11.2024، سەرچاوەیەک لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا گیراوە.
سەمیر سەدرەدین گوتبووی: "تاوەکو ئێستا 22 کەس ئەم ئۆتۆمبێلەیان کڕیوە و هەموویان ژنەکانیان مردوون."
دوێنێ سێشەممە، سەمیر سەدرەدین بە رووداوی گوت: "ئەو ڤیدیۆیەم تەنیا بۆ خۆشی و چالاککردنەوەی تیکتۆکەکەم کردووە و بە زارم داهات، بەڵام تەقاندیانەوە."
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی: "زۆربەی رێکلامەکانی ئێمە تێکەڵاوی بابەتی کۆمیدیا دەکەین و هەڵەیەکم نەکردووە، ئەگەر پێویست بکا، من خۆم دەچمە دادگە."