لەگەڵ رەنج؛ پلانی هەشت ساڵە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار دادەنرێت

06-11-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن لەگەڵ رەنج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان پلانی هەشت ساڵەی داڕشتووە بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا بگەیەنێتە 20 ملیۆن گەشتیار، سەرۆکی دەستەکەش دەڵیت، "سەرباری بڕیاری سەرۆکوەزیران، هیچ وەزارەتێک هاوکاریمان ناکات."
 
‏رۆژی یەکشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2023 لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، وشیار محەممەدئەمین، مامۆستای زانكۆ ‌و راوێژكار و لێكۆڵەر لە بواری ‏گەشتیاری، شێرزاد زراری، بەرپرسی دۆسیەی گەشتوگوزار لە كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏‏گەشتیارییەكان لە هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان، شەماڵ عەلی، مامۆستا لە بەشی گەشتوگوزاری زانكۆی سلێمانی و هیوا حەمەخان، بەڕێوەبەری زنجیرە هۆتێلەكانی میلینۆم لە سلێمانی، کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم وەبەرهێنانی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
 
کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان "بەرەو بووژانەوە دەچێت"
 
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان دەڵێت بەراورد بە پێنج ساڵ لەمەوبەر، خواستی وەبەرهێنەران لە کەرتی گەشتوگوزار رووی لە هەڵکشان کردووە. ئەمەل جەلال باس لە وەبەرهێنانی سەرمایەدارانی ئیماراتی دەکات لە هەرێمی کوردستان کە نیازیان هەیە لە ساڵی داهاتوودا دەست بە کارەکانیان بکەن.
 
ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند؛ "ئیمارات بەنیازە لە هەرێمی کوردستان لە چەندین کەرتی جیاوازدا وەبەرهێنان بکات، لەنێویاندا دروستکردنی باڵەخانەیەکی هاوشێوەی بورجی خەلیفە لە هەولێر، هەروەها لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان پرۆژەی گەورەیان دەبێت."
 
ئەمەل جەلال دەڵێت؛ "هەرێمی کوردستان لەچاو پێنج ساڵی رابردوو، لەڕووی گەشتوگوزارەوە پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا پێداچوونەوەمان بە ستراتیجی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان کردووە و یاسا و رێنمایی نوێمان دەرکردوون.''

 

 

 
دامەزراندنی 165 پۆلیسی گەشتیاری "لە هەفتەی داهاتوودا رادەگەیەنرێت"
 
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان باس لە دامەزراندنی ژمارەیەک پۆلیسی تایبەت بە گەشتوگوزار دەکات کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزارەتی ناوخۆ رایبگەیەنێت، دەشڵێت 'لە رێگەی ئۆنلاینەوە و بە شێوەی یەکسان لەنێوان کچان و کوڕانی دەرچووی بەشی گەشتیاری، دایاندەمەزرێنن.'
 
ئەمەل جەلال روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی "وەزارەتی ناوخۆ 165 پۆلیسی گەشتیاریمان بۆ دادەمەزرێنێت، کە هەموویان دەبێت دەرچووی گەشتوگوزار بن و لەو ژمارەیەش دەبێت 50٪یان کچ و 50٪ـەکەی دیکەش کوڕ بن".
 
لەبارەی شێوازی پێشکێشکردنی داواکاریی دامەزراندنەکەش ئەمەل جەلال ئاماژەی دا "دامەزرانەکە لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمە بەشێوەی ئۆنلاین. ئەو پۆلیسانە لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ دەبن، بەڵام لەڕووی ئیدارەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزار دەبن."
 
بەگوتەی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان؛ "لە رابردوودا لیژنەکانی قایمقامیەت بە جلوبەرگی سەربازییەوە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانیان دەکرد، لەمەودوا ئەو پۆلیسانە جلی تایبەت بە کەرتی گەشتیارییان لەبەردەبێت و سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن بۆ بەدواداچوون و پشکنین و هەڵسەنگاندنی شوێنەکان."
 
وەزارەتەکان پاڵپشتی "پلانی هەشت ساڵەی گەشتیاری ناکەن"
 
لە 05-06-2022 دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان پلانی هەشت ساڵەی راگەیاند، بەپێی ئەو پلانە تاوەکو ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا دەگەیەنن بە 20 ملیۆن گەشتیار، ئەمەل جەلال دەڵێت "ئەو رۆژە، بە ئامادەبوونی سەرجەم وەزیرەکان، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کەرتی گەشتوگوزار کرا، تێیدا بەڕاشکاوی باسم لە ئاستی کەرتی گەشتیاری و گرفت و پێداویستییەکان بۆ گەشەپێدانی ئەو کەرتە کرد."
 
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار هەروەها گوتی "لەدوای کۆبوونەوەکە، بڕیارێک بە واژۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچوو، تێیدا ئاماژەدرابوو بەوەی، سەرجەم راسپاردەکانی دەستەی گەشتوگوزار و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پەسندن بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و، دەبێت جێبەجێبکرێن."
 
ئەمەل جەلال دەشڵێت "بەڵام جگە لە دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی کشتوکاڵ، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، هیچ وەزارەتێکی دیکە ئەو پلانانەی لە نووسینگەی وەزارەتی شارەوانییەوە بۆمان رەوانەکردبوون، کە بەرپرسیاریێتیی هەر وەزارەتێکمان بەجیا نووسیبوو، کاریان پێ نەکردووە. ئەگەر ئەو وەزارەتانە پابەندبن، بەڵێنی ئەوە دەدەین لە ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیار بگەیەنینە 20 ملیۆن کەس."
 
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان باسی ئەوە دەکات "بەپێی ئەو ستراتیجییەی دامانناوە، لە سەرجەم قەزا و پارێزگاکان پڕۆژەی گەشتیاری دەکرێتەوە بۆ ئەوەی قورسایی نەکەوێتە سەر شارێک و شارەکانی دیکە بێبەشبن، بۆ نموونە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەی وەکو شاری جوان لە سلێمانی، کە یەکێکە لە سەرکەوتووترین پرۆژە گەشتیارییەکانی عێراق و ناوچەکەیە، دەڵێ 'من لەسەر زەرەر دەڕۆم، بەڵام هەموو قورسایی گەشتیاری و بازاڕەکە کەوتووەتە هەولێر و لەوێ خاوەن هۆتێلەکان بەو رێژەیە گلەییان نییە،' بەڵام جێبەجێکردنی ئەو پلانە ستراتیجییە ئەو گرفتەش چارەسەر دەکات، بەو مەرجەی وەزارەتەکان هاوکار و یارمەتیدەرمان بن."
 
حکومەت "ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران دەکات"
 
ئەمەل جەلال دەڵێت نادادپەروەری لە شێوازی وەرگرتنی باج و کرێی شوێنە گەشتیارییەکاندا هەیە، بەپێی داهات باجەکانیان رێکنەخراوە و وەکو ئاماژەشی پێدەدات؛ "تائێستا چەندین راپۆرتمان بەرزکردووەتەوە و داوامان کردووە پێداچوونەوە بە رسوومات و باج و سەرجەم ئەو دەزگایانە بکرێتەوە، کە پارە لە کەرتی تایبەت وەردەگرن، بۆ نموونە باجی فرۆشتن کە 10٪ـە لە هۆتێلی پێنج ئەستێرە وەردەگیرێت، ساڵێک زیاترە راپۆرتمان داوەتە وەزارەتی دارایی و، چەندین کۆبوونەوەمان کردووە و گوتوومانە پێویستە بەپێی شارەکان و داهاتی شوێنەکان ئەو رێژەیە دەستنیشان بکرێت."
 
وەکو سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێدەدات "دوو هەفتە لەمەوبەر، وەبەرهێنەران لەگەڵ سەرۆکی حکومەت کۆبوونەتەوە و باسی کێشەکانیان کردووە و بڕیار دەرچووە و رەنگە بەم نزیکانە جێبەجێ بکرێت، کە کارئاسانییان بۆ بکرێت، لەبەرئەوەی بە راشکاوی گوتوویانە، بەم شێوەیە ناتوانن وەبەرهێنان نەک لە کەرتی گەشتیاری، بەڵکو لە هیچ کەرتێکی دیکەدا بکەن."
 
وەبەرهێنەران "روویان لە کەرتی گەشتیاری کردووە"
 
ئەمەل جەلال باس لەوە دەکات، لە رابردوودا کەس نەدەهاتە نێو کەرتی گەشتیارییەوە و ئەوانەش کە هاتبوون پەشیمان بوون "لەبەر ئەوەی تێچووی دارایی زۆر بەرز بوو. شێوازی موساتەحەش کە بەکرێدانی موڵکی حکومەتە زیانێکی دیکە بوو بۆ ئەو کەرتە کە زۆرترینی 25 ساڵ بوو، لەبەرئەوەی بەهۆی دۆخی ناوچەکەمان کە بەردەوام بە قەیران و دۆخی ناهەمواردا تێدەپەڕێت، کەس ئامادە نییە بڕی بۆ نمونە 50 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی ماوەی 25 ساڵ خەرجبکات، هەندێک پرۆژە هەن کە ماوەی موساتەحەکەیان کەمتر لە 10 ساڵە".
 
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان دەڵێت؛ "ئێستا داوامان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئەو زەوییەی دەدرێتە وەبەرهێنەر، 25٪ـی ئازاد بێت لەوەی ئاخۆ دەیکاتە یەکەی نیشتەجێبوون یان هەر شتێکی دیکە کە لەگەڵ پرۆژە گەشتیارییەکە یەک بگرێتەوە و بۆی تاپۆ بکرێت. 75٪ـەکەی دیکە ئەو پرۆژە گەشتیارییە بێت کە ناوچەکە پێویستیی پێیەتی."
 
کارە یاساییەکانی "پرۆژەی گەشتیاریی دووکان کۆتایی هاتووە"
 
فارووق مەلا مستەفا، سەرمایەدار و وەبەرهێنەری کورد داوای دروستکردنی پرۆژەیەکی گەشتیاریی هاوچەرخی لە دووکان کردووە کە بەپێی ماستەرپلانی پرۆژەکە بێت، دەبێتە یەک لە پرۆژە گەشتییارییە گەورەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، زۆربەی رێکارە یاسایی و رۆتینەکانی تەواو بووە و هەندێک رێکاری لاوەکی ماوە بۆ ئەوەی مۆڵەتی دروستکردنی پرۆژەکە رادەستی وەبەرهێنەرەکەی بکرێت.
 
ئەمەل جەلال گوتی؛ ئێمە زۆر لەبارەی نەهێشتنی رۆتینات و سیستمی یەک پەنجەرە قسە دەکەین، ئەو پرۆژەیە دەبوایە زووتر رۆتیناتەکەی تەواوبووبا و ئێستا مۆڵەتی یاسایی پرۆژەکە و سەرجەم رێکارەکانی تەواو بووە و هەندێک رێکاری لاوەکی ماون بۆ ئەوەی مۆڵەتی دەستبەکاربوون لە پرۆژەکە بدرێت، بەڵێنی ئەوەش دەدەم تاوەکو کۆتایی کارەکە لەگەڵ وەبەرهێنەرەکە بم و پاڵپشتی بکەم."
 
گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان "چالاکییەکی وەرزییە"
 
شەماڵ عەلی، مامۆستا لە بەشی گەشتوگوزاری زانكۆی سلێمانی پێیوایە تائێستا سوود لە گرنگی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان وەرنەگیراوە و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، چالاکییەکی وەرزییە.
 
شەماڵ عەلی دەڵێت "هەرێمی کوردستان لەڕووی بنەما سرووشتییەکانەوە شوێنێکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری، بەڵام نەمانتوانیوە ئەو بنەمایانە بە باشی وەگەڕبخەین، ئێستا گەشتوگوزار لە دنیادا بەتەنیا کەرتێک نییە، بەڵکو پیشەسازییەکی گەورەیە کە بە پیشەسازی بێ دووکەڵ ناوبانگی هەیە و دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر هەلی کار بڕەخسێنێت."
 
بەگوتەی ئەو مامۆستایەی بەشی گەشتوگوزار؛ "لە هەرێمی کوردستان گەشتوگوزار چالاکییەکی وەرزییە، بۆیە ئەو گەشتیارانەی روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن هاوشێوەی ئەو گەشتیارانە نین کە دەچن بۆ ئەو وڵاتانەی کەرتی گەشتیارییان کردووەتە چالاکییەکی هەمیشەیی." 
 
شەماڵ عەلی رێگەوبان بە یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی دروستکردنی ژێرخانی گەشتیاریی ناودەبات و دەشڵێت؛ "ئێستا ئەگەر شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای سلێمانی وەکو نموونە باس بکەین، بەشێکی زۆری رێگەوبانەکانیان خۆڵە یان تێکەڵەڕێژ کراوە و کار بۆ بەهێزکردنی ئەو ژێرخانە گرنگە نەکراوە".
 
50٪ـی داهاتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان "بۆ وڵاتانی دەوروبەرە"
 
‏وشیار محەممەدئەمین، مامۆستای زانكۆ ‌و راوێژكار و لێكۆڵەر لە بواری ‏گەشتیاری دەڵێت؛ "هاتنی رێژەی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان بە واتای ئەوە نییە بارتەقای ئەو رێژەیەش داهاتی گەشتیاریمان هەیە، بۆ نموونە کە گەشتیارێک دەچێتە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر رەنگە زۆرینەی داهاتەکەی بۆ ئەو وڵاتە بێت."
 
ئەو راوێژکارە پێیوایە؛ "50٪ـی داهاتی ئەو گەشتیارانەی روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ نێوخۆی کوردستانە و ئەوی دیکەی بۆ وڵاتانی ناوچە و دەورووبەرە، لەبەر ئەوەی بەشێکی ئەو کەلوپەل و خۆراکانەی ئەو گەشتیارە لە کوردستان بەکاریدەهێنێت، هاوردەکراوە و هی وڵاتانی دیکەی دەوروبەر و ناوچەکەمانە."

 

30٪ـی داهاتی هۆتێلەکان "دەدرێتە پارەی کاز و کارەبا"
 
بەڕێوەبەری زنجیرە هوتێلەكانی میلینۆم لە سلێمانی دەڵێت لە ماوەی شەش ساڵدا نرخی یەکەیەکی کارەبا لە 60 دینارەوە کراوە بە 165 دینار لەسەریان، دەشڵێت "30٪ـی داهاتی هۆتێلەکانمان دەدەینە پارەی کارەبا و گاز."
 
هیوا حەمەخان، بەڕێوەبەری زنجیرە هوتێلەكانی میلینۆم لە سلێمانی گوتیشی "ئەو زنجیرە هۆتێلانەی بە دەیان ملیۆن دۆلار سەرمایەمان تێدا خەرجکراوە، ئێستا بە پلەی یەکەم لە سلێمانی و دهۆک و دواتر لە هەولێریش لەسەر زەرەر دەڕۆن، بۆ نموونە هۆتێلی شاری جوان کە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیە و لە سلێمانی دروستمان کردووە، ئەگەر لە وڵاتێکی دیکە بووایە، رەنگە 20 ئەوەندەی ئێستا قازانجی کردبا، بەڵام ئێستا لەسەر زەرەر دەڕوات."
 
لە سلێمانی پێنج هۆتێلی پێنج ئەستێرە و پێنج هۆتێلی چوار ئەستێرە هەن، وەکو هیوا حەمەخان ئاماژەی پێدەدات؛ "ئاستی ئەو بزنسەی روو لە سلێمانی دەکات، زۆر کەمترە لە ژووری ئەو هۆتێلانە، لەم رووەوە دۆخی دهۆک و سلێمانی زۆر نزیکن لەیەکەوە و لەو دوو شارە لە ساڵێکدا یەک شەو بۆ سێ شەو هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان پڕ دەبن لە گەشتیار."
 
بەڕێوەبەری زنجیرە هوتێلەكانی میلینۆم لە سلێمانی نایشارێتەوە؛ "سەرباری ئەو دۆخە، لە ماوەی شەش ساڵدا نرخی یەکەی کارەبا لە 60 دینارەوە کرا بە 165 دینار، ئێستا 30٪ـی کۆی داهاتی هۆتێلەکەمان دەدەین بە کارەبا و گاز، پێشتر حکومەت بە نرخی پاڵپشتیکراو گازی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێدەداین، ئێستا دەبێ لە بازاڕی رەش بیکڕین."
 
"باج لەسەر کۆمپانیا گەشتیارییەکان زیادکراوە"
 
‏شێرزاد زراری، بەرپرسی دۆسیەی گەشتوگوزار لە كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏‏گەشتیارییەكان لە هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان دەڵێت؛ "کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زۆربەی هەرە زۆریان گەشتیار لە هەرێمی کوردستانەوە دەبەنە دەرەوە و کەمتر گەشتیار دەهێنن، پار پلانێک دانرا بۆ ئەوەی گەشتیاریش بهێنینە ناوەوە، بەڵام ئەو پلانە لای حکومەت تەنیا بۆ کۆکردنەوەی باج و داهات بووە".
 
لە هەرێمی کوردستان 670 کۆمپانیای گەشتیاری هەن و 100 کۆمپانیای دیکەش مامەڵەکانیان لە تۆمارکردندان، شێرزاد زراری پێیوایە؛ "حکومەت هەندێک بریار لەبارەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە دەردەکات بەبێ ئەوەی هیچ گەڕانەوەیەکی بۆ ئێمە هەبێت، بۆ نموونە پێشتر بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەت لیژنەیەکی پشکنین لەلایەن حکومەتەوە دەنێردرا بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکان و، 65 هەزار دیناریان لە خاوەن کۆمپانیا وەردەگرت، ئێستا بۆ ئەو لیژنەیە لەنێوان یەک ملیۆن دینار بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارمان لێ وەردەگرن".
 
بەرپرسی دۆسیەی گەشتوگوزار لە كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏‏گەشتیارییەكان لە هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان دەشڵێت؛ "بەدەر لەوانە زەریبە و بیمەی کۆمەڵایەتی و پارەی خۆڵ و خاشاک و پارەی تابلۆ و هەموو ئەوانەمان لێ وەردەگرن. ئەم پارانە بە شێوەیەکی ورد و سیستماتیک نەخەمڵێندراون، بۆ نموونە هۆتێلێک بەپێی ژوور و ئەستێرە زەریبەی لێ وەردەگیرێت، ئیدی لەوە ناپێچنەوە ئەم هۆتێلە چەند ژووری بەکرێ دەچێت و داهاتی چۆنە، ئەگەر سەرجەم ژوورەکانی بەتاڵیش بێت، حکومەت زەریبەی هەموویانی لێ وەردەگرێت".

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.

نێچیرڤان بارزانی داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکات مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا و سەرۆک ئەرکانی بەریتانیا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە.