رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە ئاوارەکانی کەمپی شاریا لە پارێزگای دهۆک کۆتاییان بە نۆ ساڵی ژیان لەژێر خێوەتەکاندا لە گەرمای هاوین و سەرمای زستاندا هێنا و دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. لە ماوەی دوو رۆژدا 116 خێزان لە کەمپی شاریا کە ژمارەیان 650 کەس دەبێت، لەسەر خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە شنگال.
بەرنامەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دهۆک نییە، چونکە لە ماوەی دوو ساڵدا تەنیا 205 خێزانی گەڕاندووەتەوە.
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک دەڵێت، "لەمەودوا وەکو رێکخراوی IOM دەڵێت، بودجەکەیان نەماوە، تەنیا خەرجیی گواستنەوە دەدەین، هاوکارییەکانیان بەردەوام کەمتر دەبن. پرۆسەکەش بەشێوەیەکی زۆر خاو بەڕێوەدەچێت. بەڕای ئێمە گەڕاندنەوەی 205 خێزان لە ماوەی دوو ساڵدا زۆر کەمە. لەکاتێکدا نزیکەی 60 هەزار خێزان لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەن."
تەنیا ئاوارەکانی کەمپی شاریا لە دهۆک و بێرسڤ لە زاخۆ لەڕێگەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتییەوە دەگەڕێنەوە شنگال، چونکە لەنێو ئەو دوو کەمپەدا، کەمترین خزمەت پێشکێشکراوە.
ئێستا هەر خێزانێک کە دەگەڕێتەوە، 1200 دۆلاری لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێدەدرێت و ملیۆنێک و 500 هەزار دیناریش لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە بۆیان دابیندەکرێت.
ستی بارۆ، ئاوارەیەکی شنگالە کە لە کەمپدا چوار منداڵی لەدایکبووە و دەڵێت، "10 ساڵە لێرەین، لە ترسی ئاگرکەوتنەوە نەمانتوانی لە خێوەتەکاندا بمێنینەوە."
زۆرترین کەمپ لە سەرتاسەری عێراق لە دهۆکن کە ژمارەیان 21 کەمپە. بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک 63 هەزار و 168 خێزانی ئاوارە و 18 هەزار و 75 خێزانی پەنابەر لە دهۆک دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ