رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ حکومەتی عێراق لە رێگەی بانکی بازرگانییەوە دوایین بەشی 700 ملیار دینارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان نارد کە 250 ملیار دینارە.
ئەمڕۆ (دووشەممە 6ـی 11-2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر دوایین گوژمەی 700 ملیار دینارەکە، کە بڕەکەی 250 ملیار دینارە لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
2ـی ئەم مانگە، 450 ملیار دینار لەلایەن بانکەکانی رافیدەین و رەشیدەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وەک بەشێک لەو 700 ملیار دینارەی کە حکومەتی عێراق بۆ مووچە بۆ ماوەی سێ مانگ دەینێرێت.
دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب لە رۆژی شەممە 4ـی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە و یەکەم وەزارەت وەزارەتی تەندروستی مووچەی وەرگرت.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ ئەم شوێنانە مووچەی مانگی ئاب وەردەگرن: وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی دامودەزگە نەوتییەکان، رەگەزنامە، هێزەکانی زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراون، زیندانە سیاسییەکان و وەزارەتی پەروەردە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی پێنجشەممە 9ـی11 دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب بە چەند وەزارەتێک و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.
رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد و، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە.
دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. تاوەکو ئەمڕۆ دوو جار پارەکە نێردراوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە یەک گوژمەی دیکەی 700 ملیاری ماوە بۆ ئەمساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ