قایمقامی سۆران: بە بەهای 20 ملیار دینار 27 پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای سۆران رایدەگەینێت، ئەم ساڵ زیاتر لە 20 پرۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی نزیکەی 12 ملیار دینار لەقەزای سۆران جێبەجێکراون و رەزامەندی لەسەر 27 پرۆژەی دیکەش دراوە بەگوژمەی نزیکەی 20 ملیار دینار، دەشڵێت، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانە هەموو گەڕەکەکانی قەزای سۆران خزمەتگوزاری شەقام و ئاوەڕۆیان پێدەگات.
 
رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ئەم ساڵ لە سنووری قەزای سۆران زیاتر لە 20 پرۆژەی جۆراوجۆر لە سێکتەرەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و دروستکردنی شۆستە و قیرتاوکردن و راکێشانی تۆڕی کارەبا بۆ گەڕەکە جیاوازەکانی سۆران بە گوژمەی نزیکەی 12 ملیار دینار جێبەجێکراون.
 
گوتیشی، ئێستا رەزامەندنی لەسەر 27 پرۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری دراون کە بە گوژمەی نزیکەی 20 ملیار دینار دەبێت و لە رۆژانی داهاتوودا تەندرەریان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بدرێتە بەڵێندەر و کۆمپانیا.
 
بەگوتەی رەجەب زوبێر، بە تەواوبوونی ئەو 27 پرۆژەیەی کە ئێستا لە قۆناخی تەندەریندایە، ناوەندی قەزای سۆران هەموو گەڕەک و کۆڵانەکانی خزمەتگوزاری قیرتاو و شۆستە و ئاوەڕۆیان پێدەگات، هەروەها رێگەی بەشێک گوندەکانی دەورووبەری سۆرانیش دەگرێتەوە و چاک دەکرێت.
 
لەسنووری ئیدارەی سۆران دوو رێگەی سەرەکی و ستراتیژی هەن کە ئیدارەی سۆران دەگەینێت بە هەولێر و دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ئەوانیش رێگەی هامڵتۆن و رێگەی سپیلکن - خەلیفان.
 
قایمقامی قەزای سۆران دەڵێت، رێگەی سپیلک - خەلیفان ساڵی رابردوو دەستی پێکردووە و ئێستا نزیکەی 85٪ پرۆژەکە تەواو بووە، لەماوەیەکی کەمدا تەواو دەبێت، هەروەها رێگەی هامڵتۆن کە  لە خاڵی سفری سنوورییەوە دەست پێدەکات بۆ حاجی ئۆمەران و چۆمان بە چەند قۆناخێک جێبەجێدەکرێت، ئێستا رەزامەندی وەرگیراوە بۆ ئەوەی لە پردی حافز لە قەزای چۆمانەوە دەست بەکارکردن بکرێت.
 
لەبارەی مۆڵەتدان بە دروستکردنی خانوو لەسەر ئەو زەوییانەی کە سێ لای کراون بە ماڵ و بە زەویی سندووقی ناودەبرێن،  قایمقامی سۆران دەڵێت، پرۆسەی مۆڵەتدان بۆ دروستکردنی خانوو لە زەویی سندووقی دەستی پێکردووە و تا ئێستا 100 مۆڵەت دراوە بە هاونیشتمانیان و هەفتانە نزیکەی 50 داواکاری ئاراستەی قایمقامیەت و شارەوانی دەکرێت بۆ دروستکردنی خانوو، دوای هەڵسەنگاندنیان مۆڵەتیان پێ دەدرێت.
 
چەند هاونیشتمانییەک دانیشتووی گوندەکانی دەوروبەری سۆران کە ئێستا کەوتوونەتە نێو ماستەرپلانی شاری سۆرانەوە، دەڵێن،"رێگەیان پێنادرێت خانوو دروست بکەن."
 
رەجەب زوبێر دەڵێت،" ئەو گوندانەی کە دەکەونە سنووری شارەوانی و نەخشەی کەرتییان هەیە، وەکو زەویی سندووقی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەو گوندانەی نەخشەیان نییە ئێستا لیژنە پێکهێنراوە بۆ دانانی نەخشە بۆیان، چونکە ئەوانە ئێستا بوون بەشێک لە شارەکە و وەکو گەڕەکێک مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا پرۆژەی دروستکردنی سەربڕخانەیەکی مۆدێرن لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە لەقۆناخی کۆتاییدایە و مۆڵەت و رێکارە کارگێڕییەکانی لە قۆناخی کۆتاییدایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دروست دەکرێت.
 
لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان و بەشە بەنزینی قەزای سۆران، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا لەناوەندی سۆران نەوتی سپی دابەشنەکراوە، بەڵام ئامادەکاری کراوە و کۆبوون بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشکراوە و نەوت لەرێگەی بەنزینخانەکان دابەشدەکرێت بەسەر هاونیشتمانییان و بەگوێرەی ئەو پلانەی هەیە پێدەچێت لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوت لە سۆران دەست پێبکات کە نزیکەی 50 هەزار خێزان لێی سوودمەند دەبن.
 
گوتیشی، رۆژانە نزیکەی 100 هەزار لیتر بەنزین بۆ سنووری ئیدارەی سۆران دێت، بەپێی پلانێک هەموو ئۆتۆمبێلەکانی تاکسی و پاس کۆبوونییان بۆ دەکرێت، رۆژانە 100 کارت دەدرێتە شۆفێرانی هێڵەکانی گواستنەوە، بۆ ئەوەی لە بەنزینخانەیەکی تایبەت پشکی بەنزینیان بۆ دیاری بکرێت."