سەعدی پیرە: نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتیی شاندی پارتی و یەکێتی دەکەن

06-11-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی چوار مانگ لە کۆنەبوونەوە و نەبوونی گفتوگۆ لە نێوانیاندا، بڕیارە سبەی سێشەممە پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا لە پیرمام کۆببنەوە، گوتەبێژی یەکێتیش دەڵێت؛ نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتیی شاندی پارتی و یەکێتی دەکەن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بافل تاڵەبانی سەرۆکایەتی شاندی یەکێتیی نیشتمانی دەکات و رەنگە کاک نێچیرڤانیش سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت بۆ کۆبوونەوەکە و ئەندامانی دیکەی شاندی یەکێتی لە عیماد ئەحمەد، بەندە، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ و رێواز فایەق پێکدێن."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گوتی: "بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو ماوەیەی یەکێتی و پارتی ناکۆکییان هەبووە قسە لەسەر رەگەزی ئەو ناکۆکییانە و شێوازی چارەسەرکردنیان دەکرێت". گوتیشی: "ئێمە رێککەوتنی ستراتیجی و رێککەوتنی ساڵی 2019ـەمان هەیە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێ دامەزراوە، ئەم دوو رێککەوتنە و رێککەوتنەکانی دیکەش کۆدەکەینەوە و دەبێ ئەو رێککەوتنانە دەوڵەمەند بکرێن."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت؛ ئەوەی هیچ ئەلتەرناتیڤێکی نییە، رێککەوتنە. دەبێ رێکبکەون لەسەر بابەتە ئەمنییەکان، ئەو بارودۆخەی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە و بارودۆخی نێوان دەزگا جیا جیا هەواڵگری و ئەمنییەکان هەیە بارودۆخێکی باش نییە بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان و پێویستە چاک بکرێت.
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باسی کۆچی گەنجان، مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان دەکرێت و گوتی: "دەبێ چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە."
 
سەعدی پیرە پێیوایە، نەگەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ عێراق ئەگەر بەشێکی سووچەکەی عێراق بێت، بەشێکی لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی بووە و دەڵێت: "جاران پارتی و یەکێتی کۆک بوون دەستکەوتی باشیان هەبوو، بەڵام کە کۆک نەبوون، لە زیانی خۆیان و میللەتەکەشیان بووە".
 
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییە سیاسی و حکومییەکانی عێراق لە رێوڕەسمی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دا و گوتی، "ناوەڕۆکی سەرجەم گوتارەکان بە ئاراستەی رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بوو، کە بە لاپەڕەیەکی هاوبەش و تیمێکی هاوبەش بچن بۆ بەغدا و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆببنەوە."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گوتی: "لە کەرکووک و مووسڵ ئەگەر کوردستانیان یەک لیست بن 50 کۆ یەکی کورسییەکان بەدەست دەهێنن، بەڵام بەداخەوە نازانین کێ نەسیحەتی کردوون، لە کەرکووک نەمانتوانی ببینە یەک. یەکێتی هەوڵی زۆری دا لەبەر ئەوەی کەرکووک زۆر هەستیارە و دەستی زۆر لایەنی دەرەکی تێدایە. ئەگەر لەو شارە بە هەڵبژاردن بیدۆڕێنین زۆر خراپ دەبێت، ئەگەر بە شەڕ بیدۆڕێنین، بە شەڕیش دەتوانین وەریبگرینەوە، بۆیە پێموایە لەم دۆخەدا شکستی یەکێتی لە کەرکووک، شکستی کوردە."
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان داوای لە خەڵکی کەرکووک کرد، لە رۆژی هەڵبژاردندا لە ماڵەکانیان دانەنیشن و بچن بۆ دەنگدان". دەشڵێت: "بە عینادی ئەو دارودەستەیەی دەیانەوێت دۆخی نێو کەرکووک تێکبدەن و گەلەکۆمە لە کوردستانیان بکەن، بچن بۆ دەنگدان و دەبگ بە هەر کەسێک دەدەن با بیدەن".
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێیوایە؛ "ئەوە پرسێک نییە ئێمە خۆمانی پێوە خەریک بکەین و کۆتایی هاتووە، لیژنەی دادوەران لە پاریس قسەی لەسەر کردووە، ئەوە کێشەی هاووڵاتیش نییە، لەبەر ئەوەی هاووڵاتی بە هەبوونی نەوتیش زۆری قازانج نەکردووە، سەری مانگان مووچەی وەرنەگرتووە و ئەگەر وەریشیگرتبێت، بەشێکیان لێ بڕیوە."
 
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەشڵێت: "ئێمە هاووڵاتیمان هاننەداوە پشتیوانیمان بکات لە هەناردەکردنەوەی نەوت. نەوتمان فرۆشتووە و 30 ملیار قەرزدارین، بۆیە پێموایە ئەو بابەتە پرسی هاووڵاتی نییە. ئەو نەوتە سامانێکی نیشتمانییە و مانەوەی لەژێر خاک بۆ نەوەکانی داهاتوو سوودی هەیە".
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."