دوای گیانلەدەستدانی لە تاران، تەرمی نەسرین قادری گەڕێندرایەوە مەریوان و بەخاکسپێردرا

06-11-2022
رووداو @Rudawkurdish
نەسرین قادری
نەسرین قادری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 05-11-2022 کاتی ناشتنی تەرمی نەسرین قادری، هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە تارانەوە گەیشتەوە مەریوان ناشتیان؛ بەپێی زانیارییەکان، بە گوشاری هێزە ئەمنییەکان بەپەلە بەخاکسپێردراوە، بۆئەوەی خەڵک کۆنەبنەوە.
 
نەسرین قادری خەڵکی مەریوان لە تاران گیانی لەدەستداوە. بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، نەسرین قادری لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی هەینیدا بەشدار بووە، هێزە ئەمنییەکان دەستنیشانیان کردووە و شەوەکەی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و بە باتوم لێیان داوە، بێهۆش بووە و بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە؛ لە ئاگادارییەکی مەرگیشیدا لەبارەی گیانلەدەستدانیەوە نووسراوە، "ئازادی لە قەفەس فڕی."
 
ناڕەزایەتییەکان تاوەکو ئێستا قوربانیی زۆری لێکەوتووەتەوە. کۆمار دەرۆفتادە، تەمەنی 16 ساڵە و خەڵکی پیرانشارە، هەفتەی رابردوو گیانی لەدەستدا.
 
لە شاری کورد لە باشووری ئێران، خەڵک دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە. وەرزشڤانانیش بە شێوازی جیاواز ناڕەزایەتیی خۆیان پیشانداوە. لە دەستپێکی یاریی دوو یانەی تۆپی پێی کەنار دەریای ئێران و ئیمارات، لە کاتی پەخشکردنی سروودی نیشتمانیی ئێراندا یاریزانانی ئێران سروودەکەیان نەگوتەوە، بۆیە تەلەڤیزیۆن راستەوخۆکەی راگرت.
 
دەسەڵاتی ئێران تاوەکو ئێستا سەرکوتکردن وەکو تەنیا رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دەزانێت. لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی سەرۆکایەتیی سێ دەسەڵاتی سەرەکیدا، ناڕەزایەتییەکان وەکو پیلانگێڕی لە قەڵەم دراون و پێداگری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کراوەتەوە.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا پێداگرییش کراوە کە ئەو کەسانەی دەستگیر کراون، بە خێرایی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بکرێت و سزا بدرێن.
 
بەڵام یەکەم دادگایکردنەکان زۆر کەسی نیگەران کردووە، کە نوسراوە "دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئاژاوەکان." نیگەرانی لەوەی دادگە بێلایەن نییە و هەر لە سەرەتاوە بڕیاریداوە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکان تاوانبارن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە