بەشێک لە خەڵکی مەریوان هێرشیان کردە سەر نووسینگەی ئەو نوێنەرەی داوای سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی کردبوو


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو مەریوانی گرتەوە. لە چەندین شوێنی شارەکەوە خۆپێشاندەران هاتنە سەر شەقامەکان.
 
ناڕەزایەتییەکان لە مزگەوتی "حەسەن موجتەبا" لە گەڕەکی مردۆخ دەستیپێکرد؛ هێزی ئەمنی هەوڵیاندا هەر لەو شوێنەوە رێگری لە ناڕەزایەتی بکەن، بەڵام نەیانتوانی. 
 
خەڵک هێرشیان کردە سەر نووسینگەی نوێنەری شارەکەش. شیوا قاسمی پوور، نوێنەرێکی شارەکە دوێنێ گوتبووی، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی چیدیکە بەرامبەر "ئاژاوەگێڕان" نەرمی نەنوێنێت و سەرکوتیان بکات.
 
ناڕەزایەتییە بەرامبەر گیانلەدەستدانی نەسرین قادری بوو. نەسرین تەمەن 35 ساڵان و لە تاران دەژیا. بەپێی راپۆرتەکان، لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی هەینی تاراندا بەشدار بووە، لەوێ دەستنیشان کراوە و شەوەکەی پۆلیس هێرشی کردووەتە سەر ماڵەکەی و بە باتوم لێیان داوە، دواتر گیانی لەدەستداوە. بەڵام باوکی شتێکی دیکەی بە تەلەڤزیۆنی ئێران گوتووە.
 
تەرمی نەسرین بەرەبەیانی زوو لەگەڵ گەیشتنەوەی بە مەریوان، لەژێر چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکاندا بەخاکسپێردرا. گوشار بۆ بەشێك لە کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان هێنراوە کە نەڵێن، لە ناڕەزایەتیدا گیانی لەدەستداوە. 
 
دەسەڵاتی ئێران پێی وایە بە سەرکوت ناڕەزایەتییەکان دادەمرکێتەوە. لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی سەرۆکایەتی سێ دەسەڵاتی سەرەکیدا، ناڕەزایەتییەکان وەک پیلانگێڕی لە قەڵەم دراوە و پێداگری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کراوەتەوە.
 
ئەوان پێداگرییان کردووە، بەخێرایی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی دەستگیرکراوەکان بکرێ و سزا بدرێن. بەڵام خەڵک وادیارە ترسیان لە سەرکوت و تووندوتیژی شکاوە و کەڵک لە هەر دەرفەت و بیانوویەک وەردەگرن بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییان دەرببڕن.