ئەمڕۆ تەرمی نەجمەدین کەریم لە هەولێر بەخاکدەسپێردرێت

06-11-2020
رووداو @Rudawkurdish
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک
نیشانەکردن نەجمەدین کەریم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 31ی مانگی رابردوو و دوای تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی لە ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێکرا و چاوەڕوان دەکرێت پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
 
کارۆخ سەید رزگار، گوتەبێژی بنەماڵەی پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەر وەسێتی خۆی، د. نەجمەدین کەریم بەشێوەیەکی کاتی لە هەرێمی كوردستان بەخاکدەسپێردرێت تاوەکو ئەوکاتەی شاری کەرکووك ئازاد دەکرێت و لە ئەمنییەت و ئارامیی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، ئەوکاتە بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەبردرێتەوە شاری کەرکووكی پیرۆز".
 
نەجمەدین کەریم ساڵی 2009 لە ئەمریکاوە گەڕایەوە باشووری کوردستان؛ ساڵی 2011 بووە پارێزگاری کەرکووک و تاوەکو 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئەو پۆستەی هەبوو.
 
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا نەجمەدین کەریم سەرۆکی لیستی کوردستانی بوو، لە هەڵبژاردنەکەدا کورد توانیی لە کۆی 12 کورسی، هەشت کورسیی کەرکووک بباتەوە.
 
هەر لە سەردەمی پارێزگاریی نەجمەدین کەریمدا لە ئاداری 2017، ئاڵای کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی و بۆ یەکەمجار لە کەرکووک هەڵکرا.
 
لە گشتپرسیی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستانیش کە رۆژی  25ی ئەیلوولی 2017 بەڕێوەچوو، نەجمەدین کەریم رۆڵی گەورەی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە پارێزگای کەرکووک گێڕا.
 
هەر لە سەردەمی بەڕێوەبردنی کەرکووکدا لەلایەن نەجمەدین کەریمەوە وەکو پارێزگار لە ساڵی 2011 تاوەکو ئۆکتۆبەری 2017، ئەو پارێزگایەی باشووری کوردستان بووژانەوەی بەخۆوە بینی.
 
چەند زانیارییەک لەبارەی نەجمەدین کەریم و کارەکانی:
 
- ساڵی 1949 لە کەرکووک لەدایکبووە
- خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی لە کەرکووک تەواوکرد
- بەکالۆریۆسی لە زانستی پزیشکی گشتی لە زانکۆی موسڵ لە ساڵی 1971 بەدەستهێنا
- ساڵی 1972 پەیوەندیی کرد بە ریزەکانی پێشمەرگەوە
- ساڵی 1976 کاتێک مەلا مستەفا بارزانى نەخۆشکەوت، وەکو پزیشکی تایبەت لەگەڵیدا چووە ئەمریکا
- لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری نەشتەرگەریی مێشک و دەماردا بەدەستهێنا
- ساڵی 1988 کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی لە ئەمریکا دامەزراند و تاوەکو ساڵی 1999 سەرۆکی بوو
- رۆڵی لە دامەزراندنی بەشی کوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریکا هەبوو
- ساڵی 2009 گەڕایەوە باشووری کوردستان
- لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیدا لە ساڵی 2009 بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی
- ساڵی 2011 بۆ 2017 پارێزگاری کەرکووک بوو
- سەرۆکی لیستی کوردستانی بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بۆ ساڵی 2014
- لە سەردەمی دەسەڵاتیدا وەکو پارێزگار، ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە کەرکووک هەڵکرا
- رۆڵی گەورەی لە بووژاندنەوەی کەرکووکدا هەبوو
- رۆڵی کاریگەری لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە پارێزگای کەرکووک هەبوو
- رۆژی 31-10-2020 لە ئەمریکا بە جەڵتەی مێشک کۆچی دواییکرد
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی بۆ بەرپرسی لقی 22ی پارتی: ئەنجامدەران باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن

سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسی لقی 22ی پارتی قسەی کرد. سەرکۆنەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدان، بەدڵنیاییەوە باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن".