رێگەی کەلار - دەربەندیخان دوو رۆژ دادەخرێت
رووداو - هەولێر
بەهۆی نۆژەنکردنەوەی رێگەکەوە، رێگەی کەلار - دەربەندیخان لە سبەیەوە بۆ دوو رۆژ دادەخرێت و شۆفێران دەتوانن رێگەی گوندەکانی (ژاڵەناو، هۆرێن و مەیدان) و رێگەی شارۆچکەی مەیدان بەکاربهێنن بۆ هاتووچۆی نێوان ئەو دوو شارە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دەربەندیخان هۆشداری دەداتە شۆفێران و رایدەگەیێنێت، داخستنی رێگەکە لە سبەی پێنجشەممە دەبێت، بۆ هاتووچۆکردن بۆئەو مەبەستە هاتووچۆکردن بە ئاراستەی کەلار دەکەوێتە سەر رێگەی گوندەکانی (ژاڵەناو - هۆرێن - مەیدان) و بە پێچەوانەوە لە کەلار بۆ دەربەندیخان ئەو هێڵەی لە رێگەی مەیدان لادەدات بۆنێو شارۆچکەی مەیدان بۆ بناری بەمۆ و لەوێوە بۆ دەربەندیخان بەکاربهێنن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دەربەندیخان ئاماژە بەوەشدەکات، لەبەرئەوەی پردی مەیدان ناتوانێت هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پێدابکرێت، رێگەنادرێت بارهەڵگرەکان بەهەردوو ئاراستەدا بگەڕێنەوە سەر رێگەی دەربەندیخان کەلار، بۆیە ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی بارهەڵگر دەکەینەوە لە رۆژی پێنجشەممەوە بۆماوەی دوو رۆژ هاتووچۆ رابگرن تاوەکو ئەو کاتەی رێگەی سەر پردی دێوانە دەکرێتەوە.
هاتووچۆی دەربەندیخان دەشڵێت، کاری پێویست و هەماهەنگی تەواودەکرێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان و بنکەی ئاسایشی مەیدان و زاڵگەکان تاوەکو هێما و کەرەستە رێنیشاندەرەکان لەسەر شەقام دابنرێت.