نێچیرڤان بارزانی: بەغدا مووچە و 17% بنێرێت، سەرجەم داهاتەکانی رادەست دەکەین

رووداو - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاند: "ئەگەر حکومەتی عێراق مووچە و 17% ی بودجە و بەپێی دەستوور و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئامادەین نەوت و فڕۆکەخانەکان و دەروازەکان و سەرجەم داهاتەکانیان رادەست بکەین".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی دووشەممە 6-11-2017 لە شاری هەولێر بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کەمکردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2018 ی عێرادا لە17% بۆ 12.67% تاوتوێکرا، کە دوێنێ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسندکرا. هاوکات بەگشتی باس لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کراو دوای کۆبوونەوەکەش نێچیرڤان بارزانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازکرد. 

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "خۆتان ئاگادارن و دەزانن هەرێمی کوردستان بە قۆناخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێت ئێمە بەهیواوە بڕوانینە پاشەڕۆژی خۆمان و دڵنیابین لەوەی بە یەکگرتوویی و بە یەکڕیزی ناوخۆمان چ لایەنە سیاسییەکان و چ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان ئەم قۆناخە سەختەش تێدەپەڕێنین، مەرجی ئەو سەرکەوتنەش ئەوەیە واز لە بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی بهێنین و هەموومان پێکەوە بە یەک دەنگ وەکو کورد، وەکو ئەو میللەتانەی پێکەوە لە کوردستاندا دەژین، ئەم قۆناخە سەختە تێبپەڕێنین".

بە ئاماژەکردن بەوەی دوای ئەنجامدانی گشتپرسی رووداوی ناخۆش روویاندا و نایەوێت بگەڕێتەوە سەر ئەو رووداوانە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "دوای 26ی مانگ بەداخەوە کۆمەڵێک شتی ناخۆش روویاندا، من نامەوێت بگەڕێمەوە سەر ئەو باسە، من دەمەوێت جەخت لەسەر چەند خاڵێک بکەمەوە، یەکەمیان ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا، ئەو دەستوورەی کە هەموو گەلی عێراق دەنگیان پێداوە، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، پێشتر و ئێستاش جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ئامادەیە بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری لە ناوچەکە، لە عێراق و کوردستان، لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا گفتوگۆیەکی سازندە و رێکوپێک لەگەڵ عێراق بکات، بۆئەوەی بگەینە ئەنجامێک لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراقدا بێت بە گەلی کوردستانیشەوە".

لەبارەی هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی هێزیش لەلایەن بەغداوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە پێمانوانییە کێشەکان بە سەربازی چارەسەردەبن، ئێمە پێمانوانییە بە هێنانی سوپا و هێزی سەربازی ئێمە دەتوانین کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، چارەسەری کێشەکان دیالۆگێکی سیاسی جددی دەوێت لەگەڵ بەغدا بۆئەوەی بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، بۆ هەموو ئەو کێشانەی ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان و عێراق هەمانن".

نێچیرڤان بارزانی بەدڵنیاییەوە پێوابوو 14 ساڵی رابردوو بۆ هەردوولا وانە بووە بەوەی کێ لە چ قۆناخێکدا بەهێزە و کێ لە چ قۆناخێکدا لاوازە و کێشەکان بە رێگەی سەربازی و هێز چارەسەرنابن، گوتیشی: "ئێمە سەیری ئەو کێشانە دەکەین وەکو کێشەکانی نێو ماڵێک، کێشەکانی نێو ماڵێک هەرگیز بەوە چارەسەرنابن؛ من گەورەترم و بەزۆر دەبێت شت بسەپێنم لەسەر ئەوانی دیکە بەمەش، بەڵکو کێشەکان بەوە چارەسەردەبن دەبێت تەفاهوم لەگەڵ یەک بکەین، 14 ساڵی رابردووش لە 2003 وە ئەوەی بۆ ئێمە سەلماندووە کە دەبێت ئێمە ئەو کێشانە بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەربکەین، مومکینە ئێمە تەفسیری جیاوازمان هەبێت لە دەستوور، بەڵام دەکرێت ئەمانە بە گفتوگۆ یەکلایی بکەینەوە".

بەداخیش بوو بۆ پەسندکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە و گوتی: "زۆر بە داخەوە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیران لە بەغدا پرۆژەی یاسای بودجەیان پەسندکردووە، یان پەسندی دەکەن و بۆ سەرۆکوەزیران بەجێیان هێشتووە، ئێمە کۆمەڵێک تێبینی زۆر جددیمان هەیە لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە، یەکەم شت پێمانوایە لەو پرۆژەیاسایەدا بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا باسی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵکو باسی مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکان دەکات، کە ئەمە پێشێلکاری دەستووری عێراقە، چونکە بەپێی ئەو دەستوورە قەوارەی سیاسیی کوردستان ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش لەڕێگەی کۆمەڵێک یاساوە رێکخراوە، ئێمە پێمانوایە دەبێت هەر بەو شێوەیەش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت".

هەروەها گوتیشی: "پرۆژەیاسای بودجە بەپێی یاسا دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان قسە بکرێت و رێکبخرێت، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان باسنەکراوە و قسەی لەسەر نەکراوە، بەڵکو یەکلایەنە لە وەزارەتی دارایی ئەو رەشنووسە ئامادەکراوە کە ئێستا خودی جەنابی سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی کارەکانی وەزارەتی دارایی دەکات، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ قسەکردن لەگەڵ هەرێمی کورستان".

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە تەوەرێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو و رایگەیاند: "زۆرجار باس لەوە دەکرێت بەڵێ بەغدا ئامادەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات، من لێرەوە رایدەگەیێنم ئەگەر بەغدا ئەو نییەتەی هەیە، ئێمە پێشتریش باسمان کردووە، ئەمە یەکەمجار نییە، دەمەوێت جارێکی دیکەش دووبارەی بکەمەوە، لیستەکانی ئێمە لەسەر بنەمای ئەو بایۆمەترییەی کە کردوومانە ئامادەن، هەر کاتێک بەغدا بیەوێت لیستەکانی ئێمە ببینێت و مووچەی مووچەخۆرانی  هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی جێبەجێ بکات، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئێمە هیچ رێگرییەکمان نییە و ئامادەین، ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵیان، ئەگەر فیعلەن بیانەوێت مووچەی مووچەخۆرانی  هەرێمی کورستان بدەن".

لەبارەی هەڕەشانی حکومەتی عێراقیش بۆ بەکار‌هێنانی هێز و ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر کوردستان نێجیرڤان بارزانی رایگەیاند: "لە حاڵی حازردا ئەو مەوقیف و ئەو ئاگربەستەی ئێستا هەیە، بەتایبەتی کە خۆتان دەزانن سوپایەکی زۆر لە حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکە لە ناوچەکانی رەبیعە و سحێلا و ئەو شوێنانە کۆکراوەتەوە، ئێمە پێمانوایە ئەمە پێویست نییە، ئێمە پێمانوایە دەکرێت بە دانیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەرێکی زۆر گونجاو بدۆزینەوە بۆ ئەو کێشانەی لەنێوان ئێمە و ئەواندا هەن، ئێمە داوادەکەین ئاگربەستێکی بەردەوام هەبێت، داواش دەکەین بەپەلە بەغدا رەزامەندی لەسەر دیالۆگێکی سیاسی جددی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەرببڕێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە".

لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانیش لەبارەی چەند پرسێک لەوانە رێژەی ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان لەدوای هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەدەستیداوە و کاریگەرییەکانی لەسەر مووچە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "داهاتی هەرێمی کوردستان زۆر کەمی کردووە، لە ئەنجامی ئەو دۆخەی لە کەرکووک روویدا، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە نیوە کەمیکردووە، بەدڵنیاییەوە ئەمەش کاریگەری دەبێت، هەموو هەوڵێکی ئێمەش بۆ ئەوەیە ئەگەر ئێمە بکەوینە رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا کە هیوادارین بکەوینە ئەو رێککەوتنە، ئەوەی تەنیا بەلای ئێمەوە گرنگ ئەوەیە بەغدا پابەندی ئەوە بێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی دابین بکات".

لەبارەی پرسی نەوت و ئاییندەی بۆڕی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیاش نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە دەبێت دانیشتنێک بکەین و لەو دانیشتنەدا بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، ئەگەر فیعلەن میزانییەی هەرێمی کوردستان رێژەی 17% بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە ئامادەین بابەتی نەوتیشیان رادەست بکەین، ئامادەشین گفتوگۆ بکەین، گرنگترین شت ئەوەیە ئێمە مافی هەرێمی کوردستان دەستەبەربکەین بەپێی ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە و بەپێی ئەو رێککەوتنەی کاتی خۆی کردوومانە، چونکە سەرژمێری لە کوردستان نەکراوە و لەسەر بنەمای 17% ئێمە رێککەوتنمان کردووە، رێککەوتنەکەش رێککەوتنێکی سیاسی بووە، هەرکاتێکیش سەرژمێری بکرێت بەپێی ئەو سەرژمێرییە پشکی هەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت، ئێمە پێمانوایە هەتا ئێمە دەگەینە ئەو قۆناخە شتەکان دەبێت وەکو خۆی بمێننەوە، دەبێت گفتوگۆیەک دەستپێبکەین لەگەڵ بەغدا بۆ هەموو ئەو کێشانەی ئێستا هەن و لەگەڵ ئەوانیش پرسی نەوت، ئێمە ئامادەین".

سەبارەت بە یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد لەبەرامبەر بەغدا بۆ گفتوگۆکردن و دانوستاند رایگەیاند: "هەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە رەنگدانەوەی لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، تا راددەیەکی زۆر یەکگرتووە بۆ ئەو گفتوگۆیەی ئێمە لەگەڵ بەغدا دەیکەین، ئێمە هیوادارین بەغداش یاری بەو کارتە نەکات، لێرە پێویستە هەموومان پرسیارێکی جددی لەخۆمان بکەین، ئایا ئێمە لە عێراق سەقامگیریمان دەوێت یان نا، ئەگەر ئەم پرسیارە پرسیارێکی جددیە، کە هەم بەغدا دەبێت لەخۆی بکات و هەم ئێمەش، دووەم کێشەکانی عێراق چۆن چارەسەردەبن؟ ئایا بەوە چارەسەردەکرێن کە کێ بەهێزە و کێ لاوازە؟ بەمەش چارەسەرناکرێت، مێژووی عێراق ئەوەمان پێشاندەدات، کەواتە بە بڕوای من کێشەکانی عێراق لەگەڵ کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە یەک پێوەر چارەسەردەکرێن، ئەویش بە گفتوگۆیەکی ستراتیژیی جددی و دانیشتن بە دیالۆگ، بە مێشکێکی کراوە نەک کێ سەرکەوتووە و کێ لاوازە، ئەگەر دەمانەوێت سەقامگیری لەم وڵاتەدا هەبێت، ئەگەر دەمانەوێت ئارامی هەبێت، ئەگەر دەمانەوێت پێکهاتەکانی دیکەی عێراق هەموومان پێکەوە لە جوگرافیایەکدا بژین کە پێیدەگوترێت عێراق، ئێمە پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی جددی هەیە دوور لەوەی کێ سەرکەوتووە و کێ شکستیهێناوە، بەڵێ ئێمە بەم تێگەیشتنە دەتوانین ئاییندەیەکی زۆر باش بۆ هەموو گەلی عێراق چاوەڕوان بکەین، بە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی و هەموو پێکهاتەکانی دیکە".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا لەبارەی ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و خواستی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش بۆ هەمان مەبەست، بەڵام بۆچی تا ئێستا ئەو دانوستاندنە دروست نەبووە؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی: "تائێستا بەغدا ئامادەنییە دەست بەو دیالۆگە سیاسییە بکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەگەرنا ئێمە هەڵوێستمان روونە، ئێمە ئامادەین بە زووترین کات لەگەڵ بەغدا دەست بەو دیالۆگە بکەین".

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا کە بریتیبوو لە: ئایا هیچ هەوڵێک لەلایەن ئەمریکاوە هەیە بۆ ئەوەی جەنبتان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق یەک ببینن؟ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "تائێستا بە فەرمی ئەو هەوڵە نییە، بەڵام ئەو رەغبەتە لەلایەن ئێمەوە وەکو هەرێمی کوردستان هەیە، داوادەکەین ئەو دیالۆگە دەستپێبکات، هیچ پێویست ناکات ئەو گرژیانە لە هیچ شوێنێکی کوردستان بمێنن، ئێمە ئەو رەغبەتەمان هەیە، ئامادەییمان هەیە بۆ ئەوەی بە دیالۆگ هەموو کێشەکان چارەسەربکەین و بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ بەغدا".

لەبارەی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیش: ئایا تاوەکو ئێستا بەفەرمی داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە، هەڵوێستی ئێوە لەبارەی گەڕانەوەیان چییە؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتەدا، پێشتریش گوتوومە و ئێستاش دەیڵێم، ئەوان خاوەنی ژمارەیەک کورسینە لە پەرلەمانی کوردستان، ئێمە ناتوانین ئەو کورسیانە نادیدەبگرین، زۆر بەداخەوە بۆ ئەو کێشانەی کە پێشتر روویاندان، ئەگەر پرسیار لە رەغبەتی منیش بکەی، بەڵێ من پێمخۆشە وەزیرەکانیان بەزووترین کات بگەڕێنەوە بۆ نێو کابینە و دەست بە کاری خۆیان بکەن، من ئەوەم پێخۆشە و حەزیش دەکەم بگەڕێنەوە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا هەندێک لە سەرکردە سەربازییەکانی عێراق باس لەوە دەکەن رێککەوتنێکی سەربازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبووە، ئەو رێککەوتنە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هەڵوەشاوەتەوە، ئەمە تاچەند راستە؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هیچ رێککەوتنێکی سەربازی نەکراوە، هیچ رێککەوتنێکیش واژۆنەکراوە، ئێمەش لە هیچ یەکێک لەو شتانە پەشیمان نەبووینەتەوە، گفتوگۆیەکی سەربازی هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و هێزە سەربازییەکانی عێراق، بەڵام وەکو رێککەوتنێکمان هەبێت یان واژۆکرابێت، واژۆنەکراوە، بە بۆچوونی ئێمە چارەسەری ئەو گفتوگۆیانە سەربازی نییە، پێمانوایە دەبێت دەرفەت بدرێت بە سیاسی ئەم کێشانە چارەسەر بکەین، ئەو رەغبەتشمان هەیە کە بەشێوەیەکی سیاسی و دوور لە تووندوتیژیی سەربازی چارەسەر بۆ ئەم کێشانە بدۆزینەوە".

سەبارەت بە رەشنووسی بودجەی 2018 ئەگەر هاتوو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندکرا، ئایا ئەمە جگە لە پێناسەی جارێکی دیکە برسیکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان هیچی دیکە لەخۆدەگرێت؟ ئەگەر پەسندبکرێت هیچ دەرفەتێک دەمێنێت بۆ گفتوگۆ؟ ئەمە پرسیاری رۆژنامەڤانێکی دیکە بوو و نێچیرڤان بارزانیش لە وەڵامدا گوتی: "هیوادارم پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، هیوادارم سەرۆکوەزیران هەست بە مەسئولیەتی خۆی بکات وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق و خەمی هەموو خەڵکی عێراق بخوات بە کوردیشەوە، هەروەها بەجددی لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستە بکات و ئەوە نەبێت بیەوێت سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان پەیڕەو بکات، چونکە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان نە لە بەژەوەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نە لەبەرژەوەندی هیچ سیاسییەکی عێراقدایە، ئەگەر فیعلەن ئەوان کوردستان و کورد وەکو بەشێک لە عێراق دەزانن".

سەبارەت بە سەردانیان بۆ وڵاتی تورکیا و دەستنیشانکردنی کاتێک بۆ ئەو سەردانە و ئەجێندای سەردانەکەش رایگەیاند: " تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک دیارینەکراوە، بێگومان ئێمە رەغبەتمان هەیە، نەک لەگەڵ تورکیا، بەڵکو لەگەڵ هەموو دراوسێیەکانی خۆمان دەمانەوێت دانوستاندن بکەین و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، دەمانەوێت رەغبەتی خۆمان بۆ ئاشتی و تەفاهوم نیشان بدەین و نیشانیشمانداوە، سەبارەت بە تورکیاش یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکان و دراوسێی ئێمەیە، تورکیا لە ساڵانی ناخۆشیدا لە ساڵانی هەشتایەکان کاتێک چەکی کیمیایی لەو سنوورە بەکارهات، دەرگای بۆ ئێمە کردەوە، دوای ئەوە لە هەموو رۆژە سەختەکان یارمەتی خەڵکی کوردستانی داوە، ئێمە ئەوەمان لەبەرچاوە، ئێمە یارمەتی و هاوکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لەبەرچاوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان دەیانەوێت لەگەڵ دراوسێیەکانی بە ئاشتی بژیت، دەیەوێت هۆکارێک بێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە، دەشیەوێت لەو سیاسەتەی بەردەوامبێت لەگەڵ دراوسێکانی، لەنێویشیاندا تورکیا کە پێشتر پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵیان هەبوو، ئێستاش ئەو رەغبەتەمان هەیە، ئەو رەغبەتەش پیشاندەدەین بۆئەوەی ئێمە جارێکی دیکە ئەو گفتوگۆ و دانیشتنانە لەگەڵ تورکیا بکەین، لەگەڵ ئێران بکەین، بەتەواوەتی هەوڵی ئەوە بدەین ئەوانیش یارمەتیدەرمان بن  بۆ چارەسەری کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، نەک لەوەی ئەمڕۆ هەلێک هاتووەتەپێش بەغدا پێیوابێت ئەمە هەلە، زۆر بەداخەوە ئەو ئەقڵیەتە زۆر زۆر خراپ و ترسناکە، کە پێیوابێت هەلێک هاتووەتە پێش و بیانەوێت ئەو دەستکەوتانەی کە گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بەدیانهێناون، بیانەوێت ئەو دەستکەوتانەی لێوەربگرنەوە، هیوادارم ئەوە روونەدات". 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێرانیش رایگەیاند: "پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران و تورکیا بەردەوامە، من شەخسی خۆم لەسەر خەتم لەگەڵ هەردوو لایان، هەوڵیشم داوە بەردەوامیش دەبم لە هەوڵەکانی خۆم، ئەگەر ئەوان رەغبەتی ئەوەیان هەبێت ئامادەین شاندیش بنێرین و سەردانیشیان بکەین".

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پەیامنێری رووداو لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەرکووک و شنگال و گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ناوچانەی دوای 16 مانگ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کۆنترۆڵیان کردن، گوتی: "چارەسەرکردنی پرسی ئەو ناوچانەی کە پێیان دەگوترێت ناوچەی جێناکۆک لە ماددەیەکی دەستووری عێراق بەڕوونی باسی لێوە کراوە و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانیش دانراوە، ئێمە دەمانەوێت ئەوە جێبەجێ بکرێت، ئەم ناوچانە ناوچەی ناکۆکن چ عێراقی تێدا بێت و چ ئێمەی تێدابێت، دەبێت ئەو جێناکۆکانە بەپێی ئەو میکانیزمەی کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بەپێی ئەو ماددە دەستوورییە چارەسەربکرێن، ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین ئاوارەکان بگەڕێنەوە، بەڵام بە مەرجێک دۆخەکە هێمن بێت، ئێستا ئێمە دەزانین لەو شوێنانەی کێشەی زۆریان تێدا هەیە وەکو کەرکووک و خورماتوو، دەبێت فعلەن ئەوانەی کە دەگەڕێنەوە هەست بە ئەمنییەتی تەواوی خۆیان بکەن، ئەگەر دڵنیانەبن لەوەی ئەمنییەت هەیە و گیان و ماڵیان پارێزراوە، زۆر زەحمەتە خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆیان".

داڕشتنەوە: گۆڤەند مستەفا

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح