نێچیرڤان بارزانی: بەغدا یاری بە بابەتی مووچە دەكات

رووداو- هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەڵامدانەوەی بەغدا و پرۆژەیاسای بودجەی 2018 کۆبووەوە، نێچیرڤان بارزانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن قسەی کرد و داوای گفتوگۆی بەپەلە دەکات لەگەڵ بەغدا بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان. گوتیشی: " بەغدا یاری بە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات".


سەرۆک وەزیرانی کوردستان جۆرێ لە نائومێدی نیشاندا لە هەڵویستی عێراق بۆ گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکان دوور لە شەڕ و پێکدادان و، رایگەیاند: "گرفتەکان بە هێزی سەربازی چارەسەر نابن، دانوستاندن دەتوانێ کلیلی کردنەوەی درگا داخراوەکان بێت". 

بەگوتەی نێچیرڤان بارزانی بەغدا یاری بە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكات، دەڵێ مووچە دەنێرین، بەڵام بە كردار جێبەجێی ناكەن. سەرۆک وەزیران رایگەیاند ، ئەگەر بەغدا نییەتی هەیە مووچە بدات، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هیچ رێگرییەک نییە، بەڵام دەبێت بەپێی داتای بایۆمەتری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە داوای گفتوگۆ و دانوستاندنی لە حکومەتی عێراق کرد ، بۆ ئەوەی لەسەر مێزێک و لە نزیکەوە قسە لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن ، کە دوایەمینیان پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018-ی عێراقە، کە کورد پێیوایە ناهەقی گەورەی بەرامبەر کراوە.