رێكخراوی TAK بەرپرسیاریەتی ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئامەدی لەئەستۆگرت

06-11-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن پەکەکە ئامەد
A+ A-

رووداو- ئامەد

هەڵۆکانی ئازادی كوردستان TAK كە لە پەكەكە نزیكە، بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئامەد راگەیاند، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر میدیاکانی داعش بڵاویانکردبووەوە رێکخراوەکەیان تەقینەوەكەی ئەنجامداوە.

ماڵپەڕی ANF کە بە میدیایەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK  هەژماردەکرێت، لە هەواڵێکی بەپەلەدا رایگەیاند: "ئەو چالاکییەی رۆژی 4-11-2016 لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە ئامەد دژی بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆر و هێزی پۆلیس ئەنجامدرا، لەلایەن هەڵۆکانی ئازادی کوردستانەوە ئەنجامدراوە".

لە هەواڵەكەدا ئەوەش هاتووە "بەداخەوە رەجای ئاڵتای، سەرۆكی لقی پارتی هەرێمە دیموكراتەكان DBP لە شارۆچكەی شانكووشی سەر بە ئامەد گیانی لەدەستداوە".

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 4-11-2016 تەقینەوەیەک لەبەردەم باڵەخانەی بنکەی پۆلیسی کۆنی ئامەد روویدا، بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لە تەقینەوەکەدا هەشت کەس کوژران و 100 کەسی دیکەش برینداربوون".

هەڵۆکانی ئازادی کوردستان كێن؟

هەڵۆکانی ئازادی کوردستان ( تەیربازێ ئازادیا کوردستان TAK) لە ساڵی 1993دا دامەزراوە و لە 2004 دا بەشێوەیەکی چالاک راگەیێندراوە. رێکخراوەکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی وەک "موغڵا، ئیزمیر، ئەنتاڵیا" کردەی خۆکوژی ئەنجامداوە.

رێکخراوەکە لە 16ی تەموزی 2005 دا پاسێکی تەقاندەوە و لە ئاکامدا 20 کەس گیانیان لەدەستدا. لە 5 ی 2006 دا هێرشیانکردە سەر بارەگای ئیستەنبوڵی ئاکپارتی، لە 28 ی ئابی 2006 دا لە ئەنتاڵیا و مارماریس تەقینەوەیان ئەنجامدا و لەئاکامدا 3 کەس گیانیان لەدەستدا.

لە 22-6-2010 پاسێکی گواستنەوەی سەربازییان تەقاندەوە و لەئاکامدا 4 سەرباز و کەسێکی سڤیل گیانیان لەدەستدا.

لە 31-10-2010 لە تەقسیمی ئیستەنبوڵ تەقینەوەیەکیان ئەنجامدا و لە ئاکامدا 32 کەس بریندار بوون، بەڵام دوای 4 رۆژ تەقینەوەکەی لەئەستۆگرت. لە 20-9-2011 دا لە مەیدانی کزڵای ئەنقەرە تەقینەوەیەکیان ئەنجامدا، لەئاکامدا 3 کەس کوژران و 34 کەسی دیكە برینداربوون، بەڵام دوای 2رۆژ تەقینەوەکەیان لەئەستۆگرت.

لە 23-12-2015 شدا لە فڕۆکەخانەی سەبیحەگۆکچەنی ئیستەنبوڵ هێرشێکیان ئەنجامدا و لە ئاکامدا کەسێک کوژرا، بەڵام دوای 2 رۆژ هێرشەکەی لەئەستۆگرت.

بەشێک لە ئەندامەکانی TAK، پێشتر لەنێوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دا بوون، بەڵام بە باڵی ئۆپۆزسیۆنی پەکەکە ناسرابوون.

لەو بارەیەوە لە  2010دا، رۆژ قەندیل، گوتەبێژی ئەوکاتەی پەکەکە بە تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن ئینتەرناشاڵی راگەیاند، ژمارەیەک لە ئەندامانی تاک لەناو پەکەکەدا بوون، بەڵام بەردەوام رەخنەیان لە سیاسەتی پەکەکە گرتووە.

ئەو ئەندامە نارازییانەی پەکەکە دواتر جیابوونەوە و لە 1993دا رێکخراوێکیان بۆ خۆیان دروستکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە