ئێران بەشێک لە دەروازە کۆڵبەرییەکان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دادەخات

06-11-2016
گۆڤەند مستەفا
ئاڵای كوردستان و ئێران
ئاڵای كوردستان و ئێران
نیشانەکردن ئێران هەرێمی كوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

حکومەتی ئێران بڕیاری داوە بەشێک لە دەروازە کۆڵبەرییەکان لەنێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دابخات. بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە حکومەتی ئێران لیژنەیەک پێکبهێنێت و پێداچوونەوە بەو دەروازانەدا بكات.

لەنێوان باشوورو رۆژهەڵاتی کوردستان 12 دەروازەی سنووری بەشێوەیەکی نیمچەفەرمی هەن، لەڕێگەی کۆڵ و وڵاخی باربەرەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا دەکرێت و، کاڵا و کەلوپەل لە باشووری کوردستانەوە هەناردەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.

پەیامنێری رووداو دەڵێت: تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو دەروازانە دانەخراون، بەڵام سێ رۆژ لەمەوبەر ئێران بڕیاری دا بەشێک لە سنوورە کۆڵبەرییەکان دابخات، بڕیارەکە ئێستا گەیشتووەتە بەشێک لە قائیمقامیەتەکانی ناوچە سنوورییەکانی وەکو شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، مەریوان و ئەو ناوچانەی سنووری کۆڵبەریان لەگەڵ باشووری کوردستان هەیە.

پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەدات، بڕیارەکە ئەوەیە حکومەتی ئێران لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ پێداچوونەوە بەو دەروازە کۆڵبەریانە، کە پێیوایە بەشێکیان زیادن، یان لەڕووی ئەمنییەوە هەڕەشەن بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە