ئامێرەکانی دەنگدان گەیشتنە هەرێمی کوردستان و "کۆمیسیۆن 100% بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە"
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییە لۆجیستییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات و ئامێرەکانی دەنگدان گەیشتنە ئۆفیسەکانی لە پارێزگاکان. گوتەبێژی کۆمیسیۆن بە رووداوی گوت "100% ئامادەین بۆ هەڵبژاردن."
رۆژی یەکشەممە 06-10-2024 ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "100%ی ئامێرەکانی پرۆسەی دەنگدان، گەیشتوونەتە کۆگای ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان، ئێستا تەنیا تاقیکردنەوەی ئامێرەکان ماوە."
لە هەرێمی کوردستان دا، 7607 وێستگە، 1437 بنکەی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەت هەن.
ئەیسەر یاسین دەڵێت، "لە هەموو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان، ئامێری یەدەگ هەیە، بۆئەوەی لەکاتی لەکارکەوتن یان کارنەکردنی ئامێرەکان، پرۆسەکە نەوەستێت و بەکاربهێندرێن."
گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان روونیکردەوە، "تاوەکو پێش 11ی مانگ، راهێنانی سەرجەم کارمەندان تەواو دەبێت، 15ی مانگ بنکەکانی دەنگدان وەردەگرین، دواتر دەست بە دابەشکردنی ئامیرەکان و تاقیکردنەوەیان دەکەین."
رۆژی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەت و 20-10-2024 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. پرۆسەی دەنگدان ئەلیکترۆنییە و کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، هەمان ئامێرەکانی هەڵبژاردنی 2018 بەکاردێنن، بەڵام یەکەمجارە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، هەموو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەیەکەوە بەستراونەتەوە و لە هەمووشیان کامێرای چاودێری دانراون.