مەسرور بارزانی: ئەم هەڵبژاردنە دیاریی دەکات شێوازی حکومڕانی چوار ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە دهۆک لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی ئەو پارێزگایە کۆبووەوە
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە دهۆک لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی ئەو پارێزگایە کۆبووەوە
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە روودەدەن و دیار نییە چارەنووسی ناوچەکە بەرەو کوێ دەچێت.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2024) مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی ئەو پارێزگایە کۆبووەوە و لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە رووداوێکی هەستیار و مێژوویی و چارەنووساز دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان.
 
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "بێگومان ئەو هەڵبژاردنە، رووداوێکی زۆر هەستیار و مێژوویی دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، هەر بڕیارێک لەم هەڵبژاردنە بدەین، چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین. داهاتووی منداڵانی خۆمان دیاری دەکەین. بڕیاری ئێمە دیاری دەکات کە دوای هەڵبژاردن، شێوازی حوکمڕانی بە چ شێوازێک دەبێت. بڕیارەکە لە یەک رۆژدا دەدرێت، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبێت. ئەنجامی بڕیاری ئێوەش هەر شێوازێک بێت، ئەو چوار ساڵی حوکمڕانییە بەرهەمی دەنگی ئێوە دەبێت."
 
مەسرور بارزانی دەڵێ "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە، گۆڕانكاریی خێرا لە ناوچەكەدا روو دەدەن، هێشتاش روون نییە ناوچەكە بەرەو كوێ دەچێت. بۆیە پێویستە بڕیاری حەكیمانە بدەین و حەكیمانە سەركردایەتی بكەین، تەنیا بە قسە و بەڵێن وڵات بەڕێوەناچێت، پێویستە رابردووی هەر لایەنێكمان بیر بێتەوە و خوێندنەوەی بۆ بكەین، بزانین لە ئاست بەڕێوەبەرایەتیی وڵاتن." 
 
پارتە سیاسییەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە 25ـی ئەیلوولەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە و بڕیاریشە، هەڵمەتی هەڵبژاردن تاوەکو 15ـی تشرینی یەکەم بەردەوام بێت، واتە پێنج رۆژ پێش هەڵبژاردن لە 20ـی تشرینی یەکەم. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە