هەژماری من: لە سلێمانی پڕکردنەوەی فۆڕمی بەشداربوون لە پڕۆژەکە بەردەوامە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی (هەژماری من) "پڕۆژەی فەرمانبەران نییە" دەنگۆی راگیرانی کارەکانی ئەو پڕۆژەیە بڵاوکرایەوە، بەڵام بەرپرسێکی پڕۆژەکە راگیرانی کارەکانیان رەتدەکاتەوە.
 
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەیدا لە قەزای کۆیە، دوێنێ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان روو لە ئامابووانی رێوڕەسمەکە گوتی: "پڕۆژەی هەماری من پڕۆژەی ئێوە نییە"، ئەو دەنگۆیە بڵاوبوویەوە کە کارەکانی پڕۆژەکە لە سنووری سلێمانی راگیراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە بەرپرسێکی لە تیمی (هەژماری من) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕکردنەوەی فۆڕمی تۆمارکردن لە بانکەکان ئەمڕۆ بێ کێشە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێک بۆ پڕۆژەکە نەهاتووەتە پێش".
 
ئەو بەرپرسەی پرۆژەی هەژماری من گوتی: "تاوەکو هەشتی مانگ نزیکەی 5 هەزار مووچەخۆری سنووری سلێمانی لە رێگەی پڕۆژەکەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی مووچەکانیان وەردەگرن و هیچ کێشەیەکیان نابێت".
 
تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 600 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکراون و بڕیارە کارتی بانکییان بۆ دروستبکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە رێگەی بانکییەوە مووچە وەربگرن.
 
تاوەکو ئێستا 132 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان کارتی بانکییان بۆ کراوە و لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە مانگانە مووچە وەردەگرن.
 
لە ئەمڕۆوە پارە خراوەتە سەر هەژماری ئەو فەرمانبەرانەی مووچەی لە رێگەی بانکییەوە وەردەگرن، کە مووچەی مانگی ئابە و بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، تاوەکو سێشەممە 8ـی ئەم مانگە، دەبێت تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاب وەربگرن.