منداڵێک لە قوشتەپە بە "تووندی ئەشکەنجە" دەدرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
باوکی منداڵەکە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی کوڕەکەی رەتدەکاتەوە
باوکی منداڵەکە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی کوڕەکەی رەتدەکاتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

داپیرەی منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ لە قوشتەپە تۆمەتبار دەکرێت بە ئەشکەنجەدانی نەوەکەی. دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەدواداچوون بۆ دۆخی منداڵەکە دەکەن. 
 
دایک و باوکی محەممەد خەڵکی ئەنبارن و ساڵێکە لە کۆمەڵگەی کاوە لە قەزای قوشتەپە نیشتەجێن. شایەتحاڵێک کە نەیویست ناوی بهێنرێ و شێوەی دەربکەوێ، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "ئەشکەنجەدانی ئەو منداڵە لەلایەن دراوسێیەک ئاشکرابوو، کاتێ لە کۆڵان بینییان هێناویانەوە ماڵ و دەموچاوی خوێن بوو. گوێچکەی خوێن بوو، مێروولە لەنێو سەریدابوو."

 

 

 
 
باوکی محەممەد تۆمەتی ئەشکەنجەدانی منداڵەکەی رەتدەکاتەوە و هۆکاری برین و ئاوسانی دەموچاوی کوڕەکەی بۆ "نەخۆشی" گەڕاندەوە.
 
باوکی محەممەد ساڵێکە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و لە سلێمانی کاردەکات و دەمێنێتەوە، گوتی: "کوڕەکەم ئەشکەنجە نەدراوە و شتێك نییە بە ناوى ئەشکەنجەدان، بەڵام ئۆتیزمى هەیە و هەمیشە حەزدەکات بەتەنیا دابنیشێت و نایەوێت بەریەککەوتنى لەگەڵ کەس هەبێت، ئەمە بەهۆى دایکیەوەیەتى، ئەو دایکى دەوێت، بەڵام دایکى نایەوێت".
 
 
دراوسێکانی ماڵی محەممەد دەڵێن، پێشتر هیچ کات ئەو منداڵەیان نەبینیوە تەنیا بەیانییەکی زوو نەبێت کە دەرچووبوو لە ماڵ و لەنێو کۆڵانەکە خەڵک دۆزیبوویانەوە. 
 
دراوسێیەکی ماڵی محەممەد بە رووداوی گوت: "ماسییحەیان لەسەر شکاندییە، شەوانیش کە لێی دەدەن و ئەشکەنجەی دەدەن فڕێی دەدەنە نێو باخچەیەکی بچووک هەر لە ناو حەوشەکەیە، ئێمەش کە بۆجاری دووەم لێیاندابوو هەموو چوینە ژوورەوە، بەژوورەوەمان دادا و سەیرمان کرد مێرووستان لەنێو سەریدابوو، برینداربوو ئێستاش برینەکەی پێوە دیارە، هەتا بە ماسیحە لێیدەدەن دواتر کە ماسیحەکە لەسەری شکا ئینجا بە کۆڵە مست کەوتنە سەری داپیرەی لێیدەدا."
 
رووداو بەدواداچوونی زیاتری بۆ ئەو بابەتە کرد. پەیامنێری رووداو چووە ماڵی داپیرەی محەممەد، ئەو ماڵەی منداڵەکەی لێدەمێنێتەوە. داپیرەی ئەو منداڵە بە پەیام سەربەستی گوت: "خۆتان پرسیاری لێبکەن، ناڵێ لێم دەدرێت، تەنیا داوای دایکی دەکات. تکایە خۆت پرسیاری لێ بکە، تەنیا دایکی دەوێت. بڕۆ پرسیاری لێ بکە بزانە چیت پێ دەڵێت. نە دایکی ئەو منداڵەی دەوێت نە باوکی رێگەی پێدەدات بچێتەوە لای دایکی."
 
رووداو کەیسی ئەو منداڵەی گەیاندە دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان. تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە بەرپرسیار گوتی: "ئەرکی ئێمەیە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەین. ئەوەی بەرامبەر ئەو منداڵە کراوە تاوانە و لە سبەینێوە تیمێک بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتەکە دەکەن و ئەنجامەکەی بە راپۆرتێک دەدرێتە داواکاری گشتی."
 
 
بە گوتەی پارێزەرێکی بواری مافی منداڵان، ئەشکەنجەدانی محەممەد دوو کەیس دەگرێتەوە؛ یەکەم، بەپێی مادەی 57 کە بریتییە لە وەرگرتنەوەی مافی بەخێوکردن. کاروان نازم لە بەرپرسیار گوتی: " دووەم؛ مادەی 7ـی خێزانی گرتنی تێدایە لە 5 مانگ تاوەکو شەش ساڵ و هەروەها پێبژاردن. بۆ ئەم کەیسە چونکە سکاڵاکار نییە، دەبێ داواکاریی گشتی بێتەسەرهێل."
 
 
دراوسێیەکی دیکەی ماڵی محەممەد بە پەیامنێری رووداوی گوت: "بەیانییەک بینیمان دراوسێکەمان منداڵێکی لە باوەش بوو، پرسیاریان لە کەسوکاری منداڵەکە کرد، دواتر دەرکەوت منداڵی دراوسێکەی بەرامبەرمان بوو. منداڵەکە ئازار و ئەشکەنجەی زۆر درابوو، دەستێکی لێرەوە شکابوو و برینێکی زۆر لە گوێچکەی و نێوچەوانی هەبوو."
 
خانەی نەوجەوانانی هەولێر ئامادەیە محەممەد وەربگرێ "ئەگەر بڕیاری دادگە" هەبێ. شێروان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری خانەکە لە بەرپرسیار گوتی: "دۆخی ئەو منداڵە باش نییە و پێویستە پۆلیس رۆڵی تەواو لەو بابەتە بگێڕێت. بەپێی بڕیاری دادوەر، پۆلیس محەممەد بهێنێتە خانەکەمان تاوەکو رێکارەکان تەواو دەکرێن."
 
 
سێ هەفتە لەمەوبەر دراوسێکان پۆلیسیان لەو کەیسە ئاگادارکردۆتەوە و پۆلیس بەڵێننامەی لە داپیرەی محەممەد وەرگرتووە بەڵام بەگوتەی دراوسێکان هێشتا ئازاردانی محەممەد بەردەوامە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە