رووداو دیجیتاڵ
10 بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان یەکى 500 هەزار دینار سزاى پێبژاردن دەدرێن، کە یەکێکیان سەرۆک لیستە، دوو سکاڵاى دیکە لە بازنەى هەولێر دادەخرێن بەهۆى ئەوەى بکەرى ئەو پێشێلکارییانە دیار نین، کە لە بەرامبەریان کراوە.
دوو بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران تایبەت بوون بە دەستپێکردنى بانگەشەى پێشوەختى هەڵبژاردن لەلایەن 10 بەربژێرەوە.
سزاى ئەو بەربژێرانە پێبژاردن بووە بە بڕى 500 هەزار دینار بەهۆى پێشێلکردنى مادەى 2ی رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن.
ئەو مادەیە تایبەتە بە سزاى دەستپێکردنى بانگەشەى پێشوەختى هەڵبژاردن، کە ئاماژە بەوەدەکات پێویستە بەربژێران و پارت و هاویمانێتییەکان رۆژێک دواى پەسندکردنى ناوى بەربژێران لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەست بە بانگەشە بکەن.
نۆ بەربژێر و سەرۆک لیستێک سزا دران
بەربژێرە سزادراوەکان، حەوتیان لە لیستى پارتى دیموکراتى کوردستانن، چواریان لە بازنەى هەولێر بوون، کە بریتن لە مەزن هیمداد ئەنوەر بەگ، دیلمان ئازاد، باوەڕ فارس باوە و سەعدى خدر، سێ بەربژێرەکەى دیکە لە بازنەى دهۆکن، کە بریتین لە سەگڤان سلێمان، هێلین عەبدوڵڵا، هێلین شەوکەت.
هەروەها سزایەکى دیکەى پێبژاردنى 500 هەزار دینارى کۆمیسیۆن بۆ لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان بووە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، کە تایبەت بووە بە ئاهەنگى لایەنگرانى ئەو پارتە.
یەکێکى دیکە لە بەربژێرە سزادراوەکان دێکان حەیدەر بووە، کە بەربژێرى ریزبەندى 31ى لیستى یەکێتى نیشتمانى کوردستانە لە بازنەى سلێمانى.
هەروەها خەبات نەوزاد، سەرۆکى لیستى نەوە نوێ لە بازنەى هەڵەبجە یەکێک لەو بەربژێرانەیە کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سزاى پێبژاردن دراوە.
مونا قەهوەچى، بەربژێرى کۆتاى تورکمان لە بازنەى هەولێر یەکێکى دیکەیە لەو بەربژێرانەى کە سزاى پێبژاردن دراوە.
"بکەرى دوو پێشێلکارى دیار نین"
دوو لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران تایبەت بوون بەو سکاڵایانەى پێشکێش کراون، کە بڕیارى داخستنیان دراوە بەپاساوى ئەوەى بکەرى ئەو پێشێلکاریانە نادیارن.
یەکێک لەو سکاڵایانە لیستى بەرەى تورکمانى عێراق پێشکێشی کردووە، کە کۆمیسیۆن بڕیاریداوە دۆسیەکەى دابخات، بە هۆی ئەوەى بکەرى ئەو پێشێکارییە دیار نییە.
ئایدن مەعروف، سەرۆکى لیستى بەرەى تورکمانى لە بازنەى هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو سکاڵایە تایبەت بووە بە لێکردنەوە و شێواندنى پۆستەرەکانمانەوە لە سەرەتاى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن".
بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ى ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت، دەنگدانى تایبەت لە 18ى تشرینى یەکەم و دەنگدانى گشتى دوو رۆژ دواتر دەکرێت.
بڕیارێکى دیکەى کۆميسیۆن بۆ داخستنى دۆسیەى سکاڵایەک بووە، کە سەریاس عەونى، بەربژێرى بزووتنەوەى گۆڕان لە هەولێر پێشکێشی کردووە، بەهۆی ئەوەى بکەرى پێشێلکارییەکە دیار نییە.
کارزان گەردى، رێگەپێدراوى یاسایی لیستى گۆڕان لە هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو سکاڵایە پەیوەندى بە دڕاندنى پۆستەرەکانى ئەو بەربژێرەوە هەبووە و دیمەنى ڤیدیۆیی هەبووە لەکاتى ئەو کارە، بەڵام "بکەرەکان دەموچاوى خۆیان پێچاوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ