کۆمیسیۆن سێ لیژنە بۆ وەرگرتنی سكاڵای چوار بازنەى هەڵبژاردن پێکدەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆن سێ لیژنە بۆ وەرگرتنى سکاڵاى بانگەشەى هەڵبژاردن و دەنگدانى تایبەت و گشتى چوار بازنەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێکدەهێنێت.
 
کۆمیسیۆن دەڵێت، تاوەکو ئێستا 46 سکاڵاى تایبەت بە بانگەشە و بە پێشێلکاریى هەڵبژاردن وەرگرتووە.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: کۆمیسیۆن لیژنەى جیاوازى پێکهێناوە بۆ وەرگرتنى تانەکانى ماوەى بانگەشەى هەڵبژاردن و هەردوو دەنگدانى تایبەت و گشتی.
 
بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ى ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت، دەنگدانى تایبەت لە 18ى تشرینى یەکەم و دەنگدانى گشتى دوو رۆژ دواتر دەکرێت.
 
جومانە غەلاى گوتى، "ئەو لیژنانە لەژێر سەرپەرشتى ئەنجوومەنى کۆمسیاراندان لە هەرێمى کوردستان، فەرمانبەرانى یاسایی و کۆمیسیۆن و نووسینگەکانیان لە هەرێمى کوردستان سەرقاڵى ئامادە و بەرزکردنەوەى راسپاردەن بۆ ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە بارەى سکاڵاکانەوە، بۆ ئەوەى بڕیاریان لەبارەوە بدرێت".
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، لە 1ی تشرینى یەکەم فەرمانى پێکهێنانى ئەو لیژنانە لەلایەن دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکى کۆمیسیۆنەوە دراوە.
 
کۆمیسیۆن سێ لیژنەى پێکهێناوە، کە یەکى سەرۆکێک و چوار ئەندامیان هەیە، لیژنەى هەولێر لەلایەن فەیاز یاسین، جێگرى سەرۆکى کۆمیسیۆنەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، لیژنەى دهۆک لەلایەن فەتاح محەممەد، ئەندامى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، هەرچى بازنەى سلێمانى و هەڵەبجەیە یەک لیژنەی بۆ دانراوە کە ئەحلام عەدنان، ئەندامى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران سەرۆکایەتى دەکات.
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، کارى ئەو لیژنانە تاوەکو دواى پەسندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئێستا لە رێگەى ئەو لیژنانەوە 22 سکاڵاى تایبەت بە بانگەشەى هەڵبژاردن و 24 سکاڵاى دیکەى تایبەت بە پێشێلکاریى هەڵبژاردن پێشکێش کراون.
 
تاوەکو ئێستا دوو بەربژێرى یەکێتى لەهەولێر و لیست و بەربژێرێکى نەوەى نوێ لە سلێمانى سزا دراون.