بانگەشەی هەڵبژاردن؛ کام لایەن گرنگیی زیاتر بە پەروەردە و خوێندنی باڵا دەدات؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حیزبە بەشدارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەریەکە و بە جۆر و پلانی جیاواز باسی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵایان کردووە. دەیانەوێت لەو رێگەیەوە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن و زۆرترین بڕگە و خاڵیان لەنێو کارنامەکانیان نووسیوەتەوە و دەیان بەڵێن و پێشنیازیان خستووەتەڕوو.
 
پارتی
 
لە کارنامەی پارتیدا، 10 بڕگە بۆ کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخانکراوە. لە خاڵی دووەمدا باسی بەدوورگرتنی ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەموو جۆرە دەستوەردانێکی سیاسی و حیزبی دەکات. هەروەها داواکاری و گرفت و کێشەکانی قوتابیان بە هی خۆیان دەزانێت و دەڵێت: هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان دەدەین.
 
کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کارنامەی پارتیدا:
 
1- دابینکردنی ژیانێکی باشتر و شایستەتر بۆ مامۆستایانی کوردستان.
 
2- بە دوورگرتنی ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەموو جۆرە دەستوەردانێکی سیاسی و حیزبی.
 
3- بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆژیای زانیاری و نوێکردنەوەی بەردەوام لە سیستمی خوێندن، بەشێوەیەک لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنی زانستی سەردەم بگونجێت.
 
4- هەوڵدان بۆ دروستکردنی قوتابخانەی زیاتر و دابینکردنی پێداویستییەکانی پەروەردە و خوێندن.
 
5- لە بواری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی گرنگی بە ناسنامە، زمان، دیرۆک، جوگرافیا و کولتووری کوردستان و داهێنانە نوێیەکان بدرێت.
 
6- گرنگیدان بە زمانی کوردی و زمانە نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کەسانی ئەکادیمیست و لێکۆڵەر. پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی هەموو بزاڤێک لەو بوارەدا دەکات.
 
7- پارتی پشتگیری لە بەرەوپێشبردنی خوێندنی باڵا دەکات، هەوڵدەدات بۆ دابینکردنی کتێبخانە و سەرچاوەی زانستی و زانیاری، دۆزینەوەی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهانی.
 
8- زانکۆ و پەیمانگەکان ببنە فاکتەرێک بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ قوتابیانی کوردستان، لەم بوارەدا لیستی پارتی کاردەکات و هەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە.
 
9- پشتگیری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی دەکەین، بە ئاراستەی ئەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە دەرەوەی زانکۆ سوودیان لێ ببینرێت، بۆ ئەوەی بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لێی سوودمەند بن.
 
10- قوتابی هیوا و ئامانجن، داواکاری و گرفت و کێشەکانیان بە هی خۆمان دەزانین و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان دەدەین.
 
یەکێتی
 
لە کارنامەی یەکێتیدا باسی کردنەوەی سەنتەری توێژینەوە و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ توێژینەوەی زانستی کراوە. لە کارنامەیدا، 12 بڕگە بۆ کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخانکراوە، کە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
 
1- داڕشتنەوەی سیستمی خوێندن لەسەر بنەمای پێگەیاندنی تاک لەڕووی پەروەردەیی و زانستی بەشێوەی سەردەمیانە.
 
2- رێکخستن و چەسپاندنی دەرماڵەی خوێندکاران و کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان، بەشێوەیەک کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خوێندکاران دروست نەکات.
 
3- باشترکردنی بژێوی ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
 
4- کردنەوەی سەنتەری توێژینەوە و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ توێژینەوەی زانستی.
 
5- دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی فراوان لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی عێراق و دەرەوەدا.
 
6- نەهێشتنی جیاوازی لەنێوان خوێندنگە حكومی و ئەهلییەکان لە رووی کوالێتی و پرۆگرامی خوێندنەوە.
 
7- پێشخستنی توانا مەعریفی و زانستییەکانی مامۆستایان لەرێگەی کردنەوەی خول و پێدانی زانیاری نوێ و دابینکردنی تەکنەلۆژیای زانیاری و مەشق و راهێنانی بەردەوامی ساڵانە و ئەنجامدانی توێژینەوەی نوێ.
 
8- فەراهەمکردنی سەربەخۆیی ئیداری و دارایی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ئەوەی دەستکراوەبن لە پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و داهێنان.
 
9- پێدانی قەرزی بچووک بۆ خوێندکارانی خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان.
 
10- کردنەوەی دایەنگەی پێشکەوتوو و مودێرن بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کوردستان بەشێوازی هاوچەرخ.
 
11- زیاترکردنی باخچەی ساوایان کە بکرێتە بنەمای خوێندنی هاوچەرخ.
 
12- گرنگیدان بە زمانی دایک لە سەرجەم قۆناخەکانی خوێندن.
 
یەکگرتوو
 
لە کارنامەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دا، باسی گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە، فێرکردن و خوێندنی باڵا کراوە و ئاماژە بەوە کراوە، بۆ ئەوەیە مامۆستایان تاوەکو بتوانن تاکی تەندروست و کارامە بەرهەم بهێنن.
 
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کارنامەی تاڕادەیەک گشتگیرە و لە بەشی رێگەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتی و لە چەند بڕگەیەکدا ئاماژەی بە خێزان و پەروەردە کردووە.
 
1- گرنگیدان بە پەروەردەی تاک و خێزان بە پەروەردەیەکی ئیسلامی رەسەن و هاوچەرخ.
 
2- گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا و مامۆستایان تاوەکو بتوانن تاکی تەندروست و کارامە بەرهەم بهێنن.
 
3- گەرەتنی دابەشکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مامۆستا و فەرمانبەر و پاراستنی کەرامەتی مرۆییان.
 
4- پلەبەرزکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران مافێکە بە یاسا گەرەنتی کراوە.
 
نەوەی نوێ
 
نەوەی نوێ دەڵێت: هیچ خوێندکارێک پێویستی بە خوێندنی تایبەت نەبێت و بێبەرامبەر و تاوەکو دەرچوون لە زانکۆکان درێژە بە خوێندن بدات.
 
لە کارنامەکەیدا لە چەند شوێنێک ئاماژە بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەدات و هەروەها پلان و بەرنامەیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو خستووەتەڕوو:
 
1- رزگارکردنی هەرێمی کوردستان لە داڕمانی زانست و پەروەردە؛ بە بەرزکردنی ئاستی خوێندن لە خوێندنگە حکومییەکان و زانکۆ و پەیمانگەکان، هەروەها دابینکردنی ستاف و سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندن بۆ ئەوەی هیچ خوێندکارێک پێویستی بە خوێندنی تایبەت نەبێت و بێبەرامبەر لە کەرتی گشتی هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆکان درێژە بە خوێندن بدات.
 
2- دامەزراندنی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژ کە ژمارەیان نزیکەی (37000) مامۆستایە، بۆ ئەوەی سەرجەم ماف و ئیمتیازاتەکانی مامۆستایان بیانگرێتەوە و بەشداریی کارا بکەن لە گەشەپێدانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان دا.
 
3- دروستکردن و دابینکردنی قوتابخانەی تایبەت بۆ سەرجەم منداڵانی بیرکۆڵ و ئۆتیزم، بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت و فشار لەسەر خێزانەکانیان کەم بکرێتەوە و هاوکاری مادی و مەعنەوی بکرێن، لەپێناو لابردنی ئەو ئەرکە قورسە لەسەر کەسوکاریان.
 
کۆمەڵ
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پێداچوونەوە بە وانەی پەروەردەی ئیسلامیی قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن بە پێویست دەزانێت. لە کارنامەی کۆمەڵی دادگەری دا، 13 بڕگە بۆ کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخانکراوە:
 
1- هەوڵدان بۆ دەرکردنی یاسایەکی شایستە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک لە پاڵ گرنگیدان بە فێربوونی زانست و زانیاری، گرنگی بە پەروەردەی تاکەکان بدات.
 
2- کارکردن بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و هاوچەرخ کە توانای لەخۆگرتنی سەرجەم خوێندکارانی کوردستانیان هەبێت، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دیاردەی دوو دەوامی و سێ دەوامی لە قوتابخانەکان دا.
 
3- فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی خوێندن و پێداویستی قوتابخانە و خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان و ژینگەیەکی تەندروست بۆ کادیرانی پەروەردەیی بە گشتی.
 
4- گرنگیدان بە خوێندنی ئامادەیی ئیسلامی و رەخساندنی هەلی خوێندن بۆ دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی، بە جۆرێک مافیان هەبێت لە بەشێکی زیاتری کۆلێژ و پەیمانگەکان وەربگیرێن.
 
5- برەودان بە خوێندنی پیشەیی و ئامادەکردنی کەسانی هونەری و پیشەیی و بەستنەوەیان بە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستانەوە.
 
6- پێداچوونەوە بە وانەی پەروەردەی ئیسلامیی قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن، بە جۆرێک رۆڵی کاریگەرتری لە پەروەردەکردنی نەوەکاندا هەبێت و وانەیەکی پەراوێزخراو نەبێت.
 
7- چاکسازی لە سیستمی زانکۆ و پەیمانگەکان و گرنگیدانی زیاتر بەو کۆلێژ و بەشانەی پێویستن بۆ رەخساندنی هەلیکار و پێشخستنی کۆمەڵگە.
 
8- دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان و سەربەخۆکردنیان لە بڕیار و بودجە و چۆنییەتی خەرجکردنی و لادانی بەرپرسی ناشایستە تێیاندا.
 
9- باشکردنی ئاستی گوزەرانی مامۆستایان لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن و کردنەوەی خول و راهێنان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی و لێهاتووییان.
 
10- کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانە ناحکومییەکان، بە جۆرێک لەگەڵ ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیان بگونجێت، شانبەشانی رەخساندنی دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیانی کەمدەرامەت.
 
11- پەرەدان بە تەکنەلۆژیای فێرکردن و تێکەڵکردنی بە پرۆسەی پەروەردە لە سەرجەم بوار و قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن دا.
 
12- جەختکردنەوە و گرنگیدانی زیاتر بە خوێندنی بابەتەکانی (رەوشت، ژینگە، مافی مرۆڤ و یاسا، هونەر و وەرزش، بەهاکان و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و لێبووردەیی) لە پرۆگرامەکانی خوێندن دا.
13- پێدانی دەرماڵەی دارایی شایستە بە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان و دابینکردنی بەشەناوخۆیی گونجاو بۆ قوتابیانی دەرەوەی شارەکان تاوەکو بتوانن بەبێ گرفت درێژە بە خوێندن بدەن.
 
رەوتی هەڵوێست
 
رەوتی هەڵوێست، یەکخستن و رێکخستنی مووچەی مامۆستایانی کەرتی تایبەت و گشتی بە گرنگ دەزانێت و لە کارنامەیدا، کۆمەڵێک پێشنیاز و بڕگەی بۆ چاکسازی لە کەرتی پەروەردە خستووەتەڕوو لەگەڵ چارەسەرەکان کە پوختەکەی ئەمەی خوارەوەیە:
 
1- گوزەرانی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە لە گشت قۆناخەکانی خوێندن چارەسەر بکرێت و زیادکردنی ژمارەی قوتابخانەکان و هۆکاری هاتووچۆ بۆ مامۆستایان دابین بکرێت.
 
2- گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی کادیری ناوەند کە پێویستی بازاڕی کار پڕدەکاتەوە.
 
3- گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن تاوەکو لەگەڵ بەرەوپێشچوونی خێرای قۆناخەکە بگونجێت.
4- دروستکردنی تاقیگەی فێرکاری بۆ گشت قۆناخەکانی خوێندن.
 
5- دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی وەکو نەخۆشخانە پرۆفیشناڵەکان بۆ مامۆستایان.
 
6- هێنانی مامۆستای پسپۆر و بە ئەزموون بۆ بەشە گرنگەکانی کۆلێژەکان.
 
7- دابینکردنی بودجەی تایبەت بە داهێنانی خوێندکاران.
 
8- زیادکردنی چالاکییە کلتوورییەکان لە ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا.
 
9- یەکخستن و رێکخستنی مووچەی مامۆستایانی کەرتی تایبەت و گشتی و کردنی بە هەمان سیستم.
 
10- گرنگیدان بە بابەتی پەروەردەی وەرزش و هونەر لە قوتابخانەکان.
 
بەرەی گەل
 
بەرەی گەل، کەمکردنەوەی جیاوازی لە رووی کواڵیتی و پرۆگرامی خوێندنەوە لە نێوان خوێندنگای حکومی و ئەهلی بە پێویست دەزانێت.
 
لە کارنامەی بەرەی گەل، کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە یەک پاکێج خراونەتەڕوو و کۆمەڵێک بەڵێنی تێدا دراوە ئەگەر توانییان بگەنە دەسەڵات کە خۆی لە 19 خاڵدا دەبینێتەوە و لێرەدا بەشێکیان دەخەینەڕوو:
 
1- پێکەوەگرێدانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پلاندانان لە رووی دروستکردنی چوارچێوەی کاری نیشتمانی لە بواری زانست و پێشکەوتندا.
 
2- دارشتنەوەی تەواوی پێکهاتەی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سەرجەم قۆناخەکاندا.
 
3- کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی راستەقینە بۆ مامۆستایان وەکو لە رابردوودا بە پشڕەو و سەرکردەی بونیادی هزری کۆمەڵگە دەناسێندران.
 
4- کارکردن بۆ سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕێ زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەکاری پێکەوەیی لە پرۆسەی کارگێڕێ- زانستی زانکۆییدا چەمکەکانی داهێنان و بەهای زانست و فەرهەنگی کوردەواری ئاوێتەبکرێن.
 
5- پاڵپشتیکردنی مامۆستایانی و فەرمانبەرانی کەرتی خوێندن لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی شایستە و پێدانی قەرزی بانکی درێژخایەن.
 
6- کەمکردنەوەی جیاوازی لە رووی کواڵیتی و پرۆگرامی خوێندنەوە لە نێوان خوێندنگای حکومی و ئەهلی.
 
7- گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی و هەوڵدان بۆ ئامادەکردنی نەوەیەکی پیشەگەر کە لەگەڵ داخوازییەکانی خەڵک و بازاڕدا گونجاو بێت.
 
8- بە یاسایی کردنی دەرماڵەی خوێندکاران و پێدانی قەرزی بانکی و رەخساندنی هەلیکار لە ناوەندە بازرگانییەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە